سلێمانی‌: بێ‌ پسوڵه‌ و به‌ 500 دینار به‌نزین تێبكه‌

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ قایقام و به‌رێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ سلێمانی‌ كۆبۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ فرۆشتنی‌ به‌نزین به‌ نرخی‌ 500 دینار و نه‌هێشتنی‌ پسوڵه‌ی‌ دابه‌شكردن جێبه‌جێ بكرێت .
له‌و باره‌یه‌وه‌ جه‌مال عه‌لی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ فرۆشتنی‌ به‌رهه‌مه‌ سوته‌مه‌نییه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌ نه‌وای‌ ڕاگه‌یاندوە، له‌ هه‌ولێر، نه‌مانی‌ پسوڵه‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌ له‌ به‌یانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگار كۆبووینه‌وه‌، تا به‌روارێك دیاری‌ بكه‌ین له‌و به‌رواره‌شدا لای ئێمه‌ش پسوڵه‌ نامێنێ.
وتیشی‌، هه‌موو به‌نزین خانه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ڕێك و پێكی‌ كار بكه‌ن، ئاماده‌ین یارمه‌تیان بده‌ین، له‌مه‌ودواش هه‌ركه‌س ئازاده‌ له‌كوێ‌ سوته‌مه‌نی‌ خۆی وه‌رده‌گرێ كه‌ هه‌مووی‌ یه‌ك جۆره‌ و بۆ هه‌ر لیترێك 500  دینار وه‌رده‌گیرێت.
جه‌مال عه‌لی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت: ئێمه‌ چاوه‌ڕێی كۆ بوونه‌وه‌ی به‌یانین بۆ دیاری كردنی‌ واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ نه‌مانی‌ پسوڵه‌ و دیاریكردنی‌ نرخ .
پێشتر، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان، ڕایگه‌یاند نرخی‌ سوته‌مه‌نی‌ له‌ هه‌موو به‌نزین خانه‌كانی‌ كوردستان ده‌بێته‌ 500 دینار.