پسپۆرانی ئابووری: ‌ میسر ‌و تونس مەترسیدان

شارەزایانی‌ بواری‌ ئابوریی ‌‌و ناوەندەكانی‌ تایبەت بەچاودێریكردنی‌ ڕەوشی‌ ئابوریی‌ هۆشدارییاندا لەوەی‌، ئابوری‌ هەریەك لە میسر‌و تونس بەهۆی‌ ئاڵۆزیی سیاسییەوە، لەبەردەم مەترسیدان، لەكاتێكدا كە لەمیسر پێكدادانی‌ نێوان نەیاران‌و لایەنگرانی‌ (محەمەد مورسی‌) سەرۆكی‌ لەسەركارلابراوی‌ میسر بەردەوامە‌و لەتونسیش ململانێی نێوان حكومەت‌و ئۆپۆزسیۆن تادێت گەورەتر دەبێت.
 سایتی‌ (ماركێت پاڵاس)ی‌ ئەمریكی كە تایبەتە بەشیكردنەوەی‌ كاروباری‌ ئابوری‌ جیهان، لەبارەی‌ كاریگەریی ڕووداوەكانی‌ میسرەوە لەسەر ڕەوشی‌ ئابوری‌ ئەو وڵاتە نوسیویەتی‌: ڕووداوەكانی‌ هەردوو گۆڕەپانی‌ ڕابیعەی‌ عەدەوی ‌و نەهزە كاریگەرییەكی‌ گەورەیان لەسەر ئابوری‌ میسر دەبێت،
 چونكە بەهۆی‌ خراپیی باری‌ ئەمنییەوە، هیچ كەسێك ناتوانێت بۆ كڕینی‌ نان یان بۆ كڕینی‌ گوڵ بچێتە بازاڕەكان، تەنانەت بانك‌و بۆرسەكانیش پەكیانكەوتووە. كۆمەڵەی‌ ئابوریناسانی‌ تونسیش هۆشدارییدا لەوەی‌، ئابوری‌ ئەو وڵاتە لەمەترسیدایە‌و دیار نییە تا چەند حكومەتی‌ تونس توانای‌ دانەوەی‌ قەرزەكانی‌ هەیە، هاوكات كۆمەڵەی‌ پسپۆڕانی‌ ژمێریاری تونس ڕایانگەیاندووە، پێویستە بەپەلە كار بۆ جێگیركردنی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ تونس بكرێت.