لە 2020داخواست لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی 10% كەمیكردوە

رێكخراوی یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ناسراو بە (ئایاتا) رایگەیاند: كە بەهۆی كاریگەریەكانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە لە جیهان  لەساڵی رابردوودا خواست لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی بەرێژەی سەدا 10 پۆینت 6 كەمبۆتەوە و بەوەش ساڵی 2020 لەپاش ساڵی 1990وە بە خراپترین ساڵ بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی دادەنرێت.
لە راپۆرتێكیشدا رێكخراوی (ئایاتا) ئاشكرایكردووە كە ساڵی رابردوو داكشانی قەبارەی خواست لەسەر ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانیەكان زیاتربووە لە داكشانی قەبارەی ئاڵوگۆرو بازرگانی كاڵاكان لە جیهاندا كە داكشانەكەی بەرێژەی سەدا 6 دیاریكراوە .
بەپێی راپۆرتەكە ئەو زیانانەی بەر كەرتی فرۆكەوانی كەوتوون لەساڵی رابردوودا لەبواری گواستنەوەی شمەكەدا كەمتربووە لەو زیانانەی بەهۆی گەشتیارانەوە كەوتونەتەوەو هێشتا بەرچاو روونیشیان بۆ ئەوە نیە كە ئایا ساڵی 2021 بۆ كاركردنیان چۆن دەبێت بەو پێیەی هێشتا بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە.
پێشتریش (ئایاتا ) ئەوەی راگەیاندبوو كە كاریگەریە نەرێنیەكانی كۆرۆنا لەسەر كەرتی فرۆكەوانی تا ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت و قەبارەی زیانەكانی ئەو كەرتەشەی لەساڵی 2020دا بە 118 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار خەمڵاندبوو پێشبینی ئەوەشیكردبوو كە ئەمساڵ قەبارەی زیانەكانیان بۆ 38 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار كەم ببێتەوە.