شێخ فاخیر: دڵنیایی دەدەین کە کارەکانی پڕۆژەی ئۆتۆبابانی بابان بەخێرایی دەڕوات

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان رایگەیاند، دڵنیایی دەدەن کە کارەکانیان لە پڕۆژەی ئۆتۆبابانی بابان بەخێرایی دەڕوات و لەوادەی خۆیدا تەواودەبێت، ئەگەر ئەو رێگرییانەی لەبەردەمی پڕۆژەکەدا هەن بە هیمەتی هەمو لایەک ببرێن.

شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “وەکو لایەنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ئۆتۆبانی بابان بە پشتیوان بە خوای گەورە بەردەوام دەبین لە کارەکان، دڵنیایی دەدەین کە کارەکانمان بەخێرایی دەڕوات و لەوادەی خۆی و پێش وادەی خۆی تەواودەبێت ئەگەر ئەو رێگرییانەی لەبەردەمی پڕۆژەکەن بە هیمەتی هەمو لایەک ببرێن و نەبێتە هۆکاری وەستان، کە لایەنی حکومەت بەرپرسە لە لابردنی ئەو کێشانە بە پشتیوانی خوای گەورە تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی خەڵکی شاری سلێمانی و هەمو خەڵک دەتوانن سودمەندبن لێی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی حکومەت زۆر هاوکاریانە و پشتیوانیانە بۆ جێبەجێکردنی کارەکە و هەمیشە و بە بەردەوامی لەگەڵیاندا بون بۆ لابردنی بەربەستەکان، لە ئاستی حکومەتی خۆجێی و لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران زۆر لە نزیکەوە چاودێری پڕۆژەکە دەکات و مەبەستییەتی لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت.

سەبارەت بە کاری نەخشەسازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان باسی لەوەشکرد، “دەکرێت هەندێکجار لە دیزاینی سەرەتاییدا حاڵەتێک روبدات پێی دەوترێت چاککردنی دیزاینەکە لەروی ئەندازیاریەوە، بۆیە ئەو پردەی دەستکاری دیزاینەکەی کراوە پێشتر بە تەکنیکێکی ئەندازیاری دیزاینی بۆ کراوە لەئێستادا بەپێی ستانداردە ئەندازیارییەکەی کە لە واقعدا هەیە دەستکاری دیزاینەکەی کراوە، رێکارێکی ئەندازیاریە و هیچی تر”.

ئەوەشی خستەڕو، “لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربونیان یەک کێشەیان هەبوە، ئەویش بریتی بوە لە رادەستکردنی مەساری شەقامەکە ئەگینا هیچ کێشەکی دیکە لەروی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە لەبەردەمی ئەواندا نیە”. 

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100) مەتری سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان کۆبوەوە و لەبارەی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گفتوگۆیان کرد.

11ی تەمموزی 2020، له‌مه‌راسیمێكدا له‌ تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی، به‌ردی بناغه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی (ئۆتۆبانی بابان) به‌ئاماده‌بونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ لێپرسراوانی حكومی دانرا.