منداڵپارێز سوپاس نامەیەک ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سليمانی دەکات

منداڵپارێزی سلێمانی سوپاس نامەیەک ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات لە بەرامبەر ئەو بەشە خۆراکیانەی بۆ هاوکاری کەمدەرامەتان ئامادەکرابون.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دکتۆر. سەلام عه‌بدوڵا، بەڕێوەبەری ژوور و بەختیار محمود، ئەندامی ئەنجومەنی ژوور و دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکان  پێشوازیانکرد لە نوعمان عبدلرەحمان، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵ پارێزی سلێمانی.

لەکۆبونەوەکەدا نوێنەرانی منداڵپارێز سوپاس و دەستخۆشیان گەیاندە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەبەرامبەر پێدانی 6 هه‌زار و 750 سەبەتەی خۆراکی بۆ کەسانی هەژار و کەم دەرامەت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور دەستخۆشی لە منداڵ پارێزی کوردستانکرد کە هەستاون بە دابەشکردن و گەیاندنی ئەو سەبەتە خۆراکیانەی دابینکراون بۆ کەسانی هەژار.

راشیگەیاند، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ بارگانان و پیشەسازاندا لەهەمو کاتێکدا بەدەم خەڵکی هەرێم و حکومەتی هەرێمەوە هاتووە  لەکاتی قەیرانەکان و ئەو رەوشە نەخوازراوانەی ڕوبەڕومان بۆتەوە.

 لە سەردەمی کۆرۆنا و کەرەنتیندا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە هاوکاری بازرگانان توانی ٢٠ هەزار سەبەتەی خۆراکی دابینبکات بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتان.