وەزیری تەندروستی: بەم زووانە ڤاکسینی فایزەرى دژەکۆرۆنا دەگاتە عێراق

وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تەمیمی رایگەیاند کە بەم زووانە ڤاکسینی فایزەر دژەکۆرۆنا (COVID-١٩) ، دەگاتە عێراق.

حەسەن تەمیمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە، پێدوایستییەکانی تایبەت بە ڤاکسینی فایزەر لە عێراق پشتی دەبەسترێت بۆ ئەو مەبەستەیش وەزارەتی تەندروستیی عێراق گرێبەستی بۆ کڕینی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیھان واژووکردووە و گوتی: “بەم زووانە ڤاکسینی فایزەر دژەکۆرۆنا، دەگاتە عێراق”.

راشیگەیاند کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رۆژانە لە پەیوەندیی دایە لەگەڵ کۆمپانیانی جیھان و ئاماژە بەوەیشدا کە ھەر کاتێک ڤاکسینی فایزەر دژەکۆرۆنا بگاتە عێراق، ئەوا دەدرێت بە ھاووڵاتییان و گوتی: “ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا کە لەئێستادا لەسەرتاسەری جیھان بەکاردەھێندرێن، تاقیکراونەتەوە و سەرکەوتووبوون “.

وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تەمیمی باسی لە نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و وتی: “تاکە رێگا بۆ خۆپاراستن لە نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەستنی ماسک و دوورە پەرێزیی کۆمەڵایەتییە”.

دوێنێ ھەینی وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تەمیمی رایگەیاندبوو کە عێراق، ١٦ ملیۆن جورعەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنای نوێی، کڕیووە و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە لەئێستادا، تیمێکی تایبەتی تەندروستیی عێراق لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینەی کە کڕاوە، مەشق و راھێنانیان پێ دەکرێت.

ئەمەیش لە کاتێدایە بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا ٥٨٩ ھەزار و ٩٤٣ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١٢ ھەزار و ٧٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٢٨ ھەزار و ٨٧٢ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.