جووتیاران: ئێستا لە زۆر بەرهەمی كشتوكاڵی، عێراق پشت بە كوردستان دەبەستێت

جووتیارانی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكەن بەهۆی ئەوەی نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، بەو هۆیەوە هەر جۆرە هاوردەیەك لە سەوزە و میوە لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان پارەی زیاتری تێدەچێت و نرخەكان لەسەر هاووڵاتییان گرانتر دەبن، بەڵام بە زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ دەكرێ ئەم خەمە بڕەوێنرێتەوە.

ئێستا كە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، هەر شتێك لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، نرخەكانیان گران دەبێت و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە بڕێك زیاتر لە رابردوو پێویستییەكان بەدەستیان دەگات و لە رووی ئابوورییەوە كاریگەری لەسەریان دروست دەبێت، بەڵام جووتیاران دەڵێن دەتوانین بەرهەمەكانی سەوزە و میوەكان بەپێی پێویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم بهێنین و بەشی دەرەوەش هەناردە بكەین.

خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی  راگەیاند، هەمووان ئەوە دەزانن ئێستە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، هەر جۆرە هاوردەیەك لە دەرەوەی هەرێم بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە دۆلار مامەڵە دەكرێت، لەو حاڵەتەشدا كە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە ئەو پێویستی و سەوزە و میوە كە دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، نرخیان گران بووە و ئێمەش بە بڕە پارەیەكی زیاتر بەدەستمان دەگات و نرخمان لەسەر گران دەبێ، هۆكارەكەش پێوەست نییە بە بازرگانەوە.

ئەو دەڵێت، “ئێمەی جووتیاران ساڵانە دەیان ملیۆن دۆنم زەویی چێنراومان بە سەوزە و میوەكان و دانەوێڵە هەیە، جووتیارانی كوردستان كەسانی لێزان و شارەزان لە بوارەكە و توانای بەرهەمهێنانی زۆریان هەیە لە سەوزە و میوەكان، دەتوانین بۆ ساڵی داهاتوو لە مانگی نیسانەوە تەواوی سەوزە و بەشی زۆری میوەكان لە كاڵەك و شووتی و دانەوێڵەكان لە پێویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم بهێنین، كاتێك جووتیاران توانای ئەوەیان هەبێت، كەواتە پێویستمان بە هاوردەكانی دەرەوە نابێت تا نرخ زیاتر لەسەر هاووڵاتی بكەوێت.”

وەك زیاتر خستیەڕوو، بە پاڵپشتیكردنی حكوومەت وەك ئەوەی ئەمساڵ كردی، توانایان هەیە بەشێك لە بارگرانی سەر هاووڵاتییان لە سەوزە و میوە كەم بكەنەوە، بگرە هەناردەی عێراقیشی بكەن كە ئێستە لە زۆر بەرهەم، عێراق پشت بە كوردستان دەبەستێت.

بە بۆچوونی ئەم جووتیارە لە هەرێمی كوردستاندا سەدان هەزار خانووی پلاستیكی هەن كە بۆ چەند بەرهەمێكی سەوزە سوودیان هەیە و وەك خەیار و پەتاتە و چەند بەرهەمێكی تر، ئەمەش وا دەكات هەرێمی كوردستان بۆ تەواوی تەواوی ساڵەكە چەند بەرهەمێكی هەبێت.

هەرێمی كوردستان خاوەنی جووتیاری شارەزا و تایبەتمەندە، لە توانایاندا هەیە بەپێی زەوی چێنراو و پێویستی ناوخۆ، بەرهەمەكانیان بگەیەننە ئاستی بەرز و لە بەرانبەریشدا بەشێك لەو بەرهەمانە بەپێی پێویستی هەناردەی دەرەوە بكەن.

هاوكات كۆسار هەورامی جووتیار و شارەزای بواری خانووی پلاستیكی راگەیاند، جووتیارانی كوردستان خاوەنی ئەزموونێكی باشن لە كاری جووتیاری و بەرهەمهێنان، كەرتی كشتوكاڵ لە ماوەی رابردوودا تا ئێستە توانیویانە كاری زۆر باش بكەن و بەرهەمی سەوزە و میوە ساڵانە زیاتر لە پێویستی ناوخۆ و بەشی هەناردەش بەرهەم بهێنن.

ئەو وتی هەریەك لە پەتاتە، خەیار، پیاز، تەماتە ، كاڵەك، شووتی، سەوزەكان، كوولەكە و بامیەی جووتیارانی كوردستان بەشی خۆبژێوی دەكات، تەنانەت دەكرێ بەشی زۆری ئەو بەرهەمانەش بۆ شارەكانی عێراق هەناردە بكرێن.