شاندێکی ژووری بازرگانی دیاربەکر سەردانی سلێمانیان کرد

شاندێکی ژووری بازرگانی دیاربەکر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠⁄١١⁄٢٩ سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازی کرد لە مێھمد کایە، سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربەکر و شاندی یاوەری، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ھەردولا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەئێستادا زۆر گرنگی دەدات بە وەبەرھێنانی دەرەکی و مەبەستیەتی سەرمایەداران لە ھەرێمی کوردستان کارگە دروستبکەن، داواکارین لە بەرێزتان لەبواری پیشەسازی و کشتوکاڵیدا لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن ئێمەش بەو پەڕی تواناوە ھاوکاریتان دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشدا، داواکارین خاوەنکارانی دیاربەکر لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی ھاوکاری و کاری ھاوبەش لەگەڵ خاوەنکاری سلێمانی بکەن، کارگەکانیان بێنە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین کەرەستەی خاوی پیشەسازی و بازاڕێکی گەورەش لە ھەرێمی کورستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق ھەیە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکان”.

مێهمد کایە،سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربکر و شاندی یاوەری سپاسی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد و ڕایانگەیاند “جێگەی خۆشحاڵییە کە ھەرێمی کورستان گرنگی  دەدات بە کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی سلێمانی، ئێمەش بەڵێن دەدەین لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی ھاوکار و ھەماھەنگ بین بۆ لێک نزیک کردنەوەی خاوەنکارانی دیاربەکر لەگەڵ خاوەنکارانی سلێمانی.
 
دوایی کۆبونەکە شاندی ژووری بازرگانی دیاربەکر سەردانی پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسەزی سلێمانیان کرد.

مێهمد کایە،سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربکر  سەرسامی خۆی بە پڕۆژەکە دەربڕی  کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژیەکانی ھەرێمی کوردستان و بە تەواوبونی سلێمانی دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی گرنگ  لەسەرتاسەری عێراقدا و دەتوانرێت کاڵا و شتومەکان لێرەوە بۆ شارەکانی عێراق بنێرێت، جەختی لەوەش کردەوە ئامادەین بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری پرۆژەکە بکەین، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌کانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سليمانی بریتییه‌ له‌ دروستکردنی 586 کۆگای هاوچه‌رخ به‌ ڕوبه‌ری جیاواز، پرۆژه‌که‌ له‌سه‌ر 400 دۆنم زه‌وی له‌ سلێمانی له‌ نزیک گوندی ژاڵه‌ی سه‌روو جێبه‌جێ ده‌کرێت، له‌م قۆناغه‌دا قیرتاوکردنی شه‌قامه‌کان و دروستکردنی شۆسته‌ کاری تێدا ده‌کرێت، دابه‌ش بوون به‌سه‌ر چه‌ند زۆنێکدا، لەدروستکردنی پرۆژەکەدا هەموو ستاندار و پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت، له‌ ئێستادا کارکردن تیایدا به‌رده‌وامه‌.