دوای سێ ساڵ پردی رێگای نێوان کەرکووک-ھەولێر بەتەواوی کرایەوە


پردەکەی‌ رێگای نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ ناحیه‌ی پردێی سه‌ر به‌ قه‌زای دووبز رووخابوو، چاككرایه‌وه‌.

قۆناغی دووەم و کۆتایی پردەکەی ناحیەی پردێ بە گوژمەی ٦٩٢ ملیۆن دینار و لە ماوەی ٢٤٠ رۆژدا لەسەر بوودجەی سندوقی نۆژەنکردنەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان چاککرایەوە.

پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید بە میدیاکانی راگەیاند “چاککردنەوەی پردەکەی ناحیەی پردێ ھەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو، بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە، چونکە ئەم پردە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەبەستێتەوە بەشارەکانی ھەرێمی کوردستان”.

راکان سەعید وتیشی: “بەردەوام دەبین لە ئەنجامدان و تەواوکردنی پرۆژەکانی کەرکووک و خزمەتکردنی کەرکووک، بەڵام ئەو بوودجەیەی بۆ پارێزگای کەرکووک تەرخانکراوە بەپێی پێویست نییە و ئەویش وا دەکات دەستکراوە نەبین لە ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیجیی لە کەرکووک”.

سەرۆکی سندوقی ئاوەدانکردنەوە، محەمەد عانی راگەیاند کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کردنەوەی ئەم رێگایە ھەنگاوێکی گرنگی بازرگانییە کە دەکەوێتە سەر دەریاچەی زاب و وتی: “ئەم پرۆژە ستراتیجییانە گرنگە و خزمەت بە خەڵکی کەرکووک و ناحیەی پردێ دەکات”.

محەمەد ئەلعانی باسی لەوەیشکرد کە بۆ فەراھەمکردنی ئاسایش دەبێت پرد و پرۆژە ستراتیجییەکان نۆژەن بکرێنەوە کە لە جەنگەکاندا خاپوربوون و وتی: “پرۆژەی گەورە و ستراتیجیی ھەن کە لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامی دەدەین”.

بەرێوبەری ریگاوبانی کەرکووک، قاسم حەمزە باسی لەوە کرد کە بە بوودجەی ٦٩٢ ملیون دینار پردەکەی ناحیەی پردێ چاککرایەوە و بەماوەی نۆ مانگی بەردەوام کاری تیادا کراوە و وتی: “بەم پرۆژەیە ئابووری ناحیەی پردێ جوڵەی گەورەی تیدا دەکەوێت، چونکە ناحیەکە ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە”.

بەھوێ داخرانی رێگای کەرکووک-ھەولێر و ئاستەنگییەکانی ھاتوچۆ زیانی ئابووری گەورە بەر ھاووڵاتییان، خەڵکی ناحیەی پردێ و گوندەکانی دەورووبەری کەوتووە.

ھوشیار ئەحمەد ھاووڵاتییەکی ناحیەی پردێ وتی: “ئێمە دوکانمان لەسەر جادەی سەرەکی ناحیەکە ھەیە و بەھۆی داخرانی رێگاکەیشەوە ئیش و کارەکانمان سست و کەم بووبوو، بەڵام چاککردنەوەی پردەکە بەتەواوی دەرفەتێکی باشە بۆ جووتیار و دوکاندارەکانی ناحیەکە”.

سێ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ناحیەی پردێی سەر قەزای دووبزدا تێپەڕی و لە ئەنجامی شەرەکەدا، پردی سەرەکی ناحیەکە رووخا، ئەویش بووە ھۆی داخرانی رێگای کەرکووک-ھەولێر .

پردەکە بەھەردوو ریگای چوون و ھاتنی رووخا و پاش ١٠ مانگ و لە ساڵی ٢٠١٨دا، قۆناغی یەکەمی چاککردنەوەی پردەکە لەسەر بوودجەی رێگاوبانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاککرایەوە.