عێراق لە ھەوڵدایە نەوت بە گرێبەستی پێشوەختە بەبڕی دوو ملیار دۆلار بفرۆشێت


عێراق بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەو قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە، لە ھەوڵدایە نەوتەكەی بە گرێبەستی پێشوەختە بەبڕی دوو ملیار دۆلار بفرۆشێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق دەیەوێت یەكەم گرێبەستی فرۆشتنی نەوت واژۆبکات و، بەگوێرەی گرێبەستەكە دەبێت پێشوەختە پارە وەربگرێت، ئامانجیش لەم جۆرە گرێبەستە؛ پاڵپشتیكردنی كەرتی داراییەكەیەتی.

عێراق دەیەوێت بەو هەوڵەی، رووبەڕووی داكەوتنی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی خواست ببێتەوە، كە لە ئەنجامی پەتای کۆرۆنا و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دروستبووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆ، عێراق ھەوڵدەدات بەپێی گرێبەستەكە، كە لە كانوونی دووەمی ساڵی 2021 ـەوە دەستپێدەكات، تاوەکو كانوونی یەكەمی 2025 پارەی پێشوەختە وەربگرێت، لە بەرامبەردا باری نەوتی بەسڕە رادەستدەكات، ئەو پرۆسەیەش بەشێكە لە پلانە خێراكانی كە بۆ پارەداركردنی بودجەی دەوڵەت و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی داڕێژراوە.