نرخی نەوتی خاوی برێنت جارێكی دیكە بۆ خوار 40 دۆلار دابەزی


پاش چەند مانگ بەرزبوونەوەی بەهاكەی، جارێكی دیكە بەهای خاوی برێنت بۆ خوار 40 دۆلار دابەزی، تاكە هۆكاریش لە ئێستادا دەگەڕێندرێتەوە بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا. 

نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە 39.62 دۆلارە، بەوەش 5%ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە مانگی حوزەیرانەوە یەكەمجارە لە 40 دۆلار بێتە خوارەوە.

هەروەها نەوتی خاوی ئەمریكی بەرامبەرە بە 36.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بەراورد بە وەرزی ڕابردوو 8%ی بەهاكەی لەدەستداوە.

سەبارەت بەهۆكاری دابەزینی بەهای نەوت، ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو قەیرانە جیهانییە تەندروستییەی كە بەردەوامی هەیە هۆكاری دابەزینی بەهای نەوتە، بەتایبەت لەئێستادا كە بە توندی بەرۆكی هیندستان، بەڕیتانیا، ئیسپانیا و ئەمریكای گرتووە.