52 ملیۆن دۆلار زیانی خۆپیشاندانەكانی تەقسیمی توركیا ‌بووه‌

پێگەی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەیەکی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵدا، (قادر تۆپباش) سەرۆکی شارەوانی (ناوچه‌ی‌ بویوک شەهیر) لە ئەستەمبوڵ ئاماژەی بەو زەرەر و زیانانە دا کە لەماوەی خۆپیشاندانەکانی (مەیدانی تەقسیم) لە ئەستەنبوڵ ڕویانداوە.
لە کۆبونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژوری بازرگانی و کارگوزاران بەڕێوەچوو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، “لەئەنجامی سوتاندنی چەندین ئامێری کارکردنی سەر بە شارەوانی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، لەئێستادا پڕۆژەی پیادەڕەوی مەیدانی تەقیسم بۆ پیادەی هاوڵاتیان کەمێک دواکەوتووە”
هەروەها دەربارەی کردنەوەی ئەو مەیدانە بەڕووی هاوڵاتیاندا، تۆپباش وتی: “لە ئێستادا کارەکان لە کۆتاییدایە و لەگەڵ تەواوبونیاندا، مەیدانەکە بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە” هیواشی خواست کە مەیدانەکە سەرلەنوێ ببێتەوە بە مەیدانی خۆشی و یەکتربینینەوەی هاوڵاتیان نەک سەرهەڵدانی ئاژاوەگێڕی.
دەربارەی ئەو زەرەرو زیانانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکەوە لە ئابووری ئەو وڵاتە کەوتووە، تۆپباش ڕایگەیاند: ئەو زیانانەی لەئەنجامی سوتاندنی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیل و تێکدانی دوکان و بازاڕەکانەوە بە ئابوری ئەو وڵاتە کەوتووە، بەبێ هەژمارکردنی زیانەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، بە نزیکەی 100  ملیۆن لیرە (52 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) مەزەندە دەکرێن”.
هەروەها سەرۆکی ژوری بازرگانی ئەستەنبوڵ لەو باریەوە ڕایگەیاند “زۆرترین ڕێژەی زەرەر و زیان بەر ئێمە کەوتووە، بەو پێیەی کە خۆپیشاندەران هەڵیان دەکوتایە سەر دوکانەکان و تاڵانیان دەکر” هەروەها وتیشی: “لەبەر ئەو هۆیانەیە کە داوامان کردووە نابێت بنكه‌ی‌ کڕین و فرۆشن لە سەنتەری شاردا دابنرێت”.