بڕوانامەی دڵنیایی ھەنگوین دەدرێتە ھەنگەوانان

سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان ڕای گەیاند، پێچەوانەی ساڵانی پێشوو بەرھەمی ھەنگوین لە ناوچە گەرمەکان بە بەراورد بە ناوچە کوێستانییەکان زیاترە و تاقیگەی تایبەتیش بۆ پشکیننی ھەنگوینی ھەنگەوانان دانراوە.

ئاوێنه‌: عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان ڕاگەیاند: “ئەمساڵ بەھۆی نالەباریی کەشوھەوا و نەبوونی رووەکی پێویست و تایبەتی شیلەی ھەنگ، بەرھەمی ھەنگوین لە ناوچە کوێستانییەکان کەمی کردووە، بەپێچەوانەوە لە ناوچە گەرمەکان لەڕووی بڕ و جۆرەوە باشترە”.

وتیشی: “بەھۆی ڕێکارەکانی حکوومەت  و ھۆشیاریی خەڵک، ئێستا ھاوردەکردنی بەرھەمی ھەنگوینی دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کەمی کردووە و دوو تاقیگەی تایبەتیش دامەزراون کە ھەنگەوان دەتوانێت بەرھەمی ھەنگوینەکەی لەو تاقیگانە بپشکنێت و بڕوانامەی دڵنیایی وەربگرێت و بەوەش دەتوانێت ھەنگوینەکەی بە کواڵێتـی باش ساغ بکاتەوە”.

عارف شێروانی باسی لەوەش کرد بەپێی ڕووپێوییەکی ساڵانی پێشوو دەرکەوتووە کە  ٨%ی ھاووڵاتـییانی ھەرێمی کوردستان ھەنگوین دەخۆن، بەڵام دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا، خواستی زۆر لەسەر بەکارهێنانی ھەنگوین دروست بووە، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین بەرهەمی ھەنگوینی ناوخۆ بەشێکی زۆری لەناو وڵاتی خۆمان ساغ دەبێتەوە.