هەرێمی كوردستان.. 500 كۆمپانیا لە بواری نەوتدا كاردەكەن

بەپێی تازەترین لیستی تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی، ژمارەی كۆمپانیا خۆماڵیی و بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 18 هەزار كۆمپانیا. هەر بەپێی ئەو لیستە 500 كۆمپانیا لە بواری نەوت كار دەكەن.
یەكەمین كۆمپانیای ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1995 تۆمار كراوە و لەو ساڵەشدا تەنیا دوو كۆمپانیا تۆمار كراون، بەڵام ساڵی دواتر بەهۆی گەرمبوونی شەڕی ناوخۆ هیچ كۆمپانیایەك ناوی تۆمار نەكرد. دوای جەنگی عێراق و كرانەوەی هەرێمی كوردستان جگە لە گەشەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی روویان لەهەرێمی كوردستان كرد وەك تاكە ناوچەی ئارام لەعێراقدا.
تۆماركردنی كۆمپانیاكان بەردەوام بوو تا ساڵی 2012 كە ژمارەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان گەیشتە لوتكە و لەو ساڵەدا 2309 كۆمپانیا تۆماركراون. تاوەكو ئێستاش لەهەرێمی كوردستاندا 15477 كۆمپانیای خۆماڵی تۆماركراون و كاردەكەن.
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان یەكێك لەهۆكارەكانی خێرا گەشەكردن و فراوانبوونی ئەم كۆمپانیایانەی گەڕاندەوە بۆ ئاسانی مەرجەكانی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیا. دڵزار ئیسماعیل گوتی “مەرجی تۆماركردنی كۆمپانیا خۆماڵییەكان ئەوەیە كە دەبێت سەرمایەكەی ملیۆنێك دیناری عێراقی بێت و ناوی بازرگانی و شوێنی كۆمپانیاكە دەستنیشان بكات، پاشان بەڕێوەبەر و ژمێریار و پارێزەرێكیش دیاریبكات”.
2458 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستانن
كۆمپانیا بیانییەكان لەدوای ساڵی 2000ەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەو ساڵە تەنیا یەك كۆمپانیای توركی ناوی تۆماركردووە، ساڵی دواتریش 27 كۆمپانیای توركی و تەنیا 1 كۆمپانیای ئێرانی ناویان تۆماركردووە. فراوانبوونی كۆمپانیا بیانیەكان لە ساڵی 2011 گەیشتە لوتكە و تەنیا لەو ساڵەدا 478 كۆمپانیا ناویان تۆماركردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2000ەوە تاوەكو ئێستا 2458 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون و كاردەكەن، لەوانەش كۆمپانیاكانی توركیا بە پلەی یەكەم دێن و ژمارەیان 1157 كۆمپانیایە، دوای توركیاش كۆمپانیاكانی ئێران دێن، 25 وڵاتیش تەنیا یەك كۆمپانیایان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
دڵزار ئیسماعیل پێیوایە ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق ژمارەیەكی پێوانەییە كە تەنیا 810 كۆمپانیای بیانی لێیە. هۆكاری زۆریی كۆمپانیا بیانیەكانی هەرێمی كوردستان لەچاو بەغدا وەك دڵزار گوتی جگە لە سەقامگیری بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ئاسانكارییەش دەگێڕێتەوە كە لە بەڵگەو دۆكیومێنتەكاندا هەیە “ئەو بەڵگانەی ئێمە لێیان داوا دەكەین، بە بەراورد لەگەڵ عێراق و وڵاتانی عەرەبی زۆر سادەن، ئەم ئاسانكارییەشمان بۆ ئەوە كردووە تاوەكو هانی كۆمپانیا بیانییەكان بدەین بێنە هەرێمی كوردستان”.
دڵزار ئیسماعیل باس لە ئاسانكارییەكان دەكات و دەڵێت “پێویستە دۆكیومێنتەكانی كۆمپانیا بیانییەكان لە باڵیۆزخانەی عێراقی لە وڵاتی دایك باوەڕپێكراو بێت. هەروەها ئاسانكارییەكەش ئەوەیە كۆمپانیاكە دەتوانێت 100% پشكەكانی بەناوی خۆیەوە بكات”.
مانگی رابردوو وەزارەتی بازرگانی بڕیاری دا پێداچوونەوە بە لیستی كۆمپانیاكاندا بكات و ئەو كۆمپانیایانەی ناچالاكن، مۆڵەتیان لێوەربگیرێتەوە. دڵزار ئیسماعیل گوتی “ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای خۆماڵی هەن چالاكییان كەمە، بۆ ئەم مەبەستە نووسراومان ئاراستەی سەرووی خۆمان كردووە، دوای تەواوبوونی وادەی دیاریكراویش ئەگەر چالاك نەبوون ئەوا مۆڵەتیان لێوەردەگیرێتەوە”.
500 كۆمپانیا لە بواری نەوت كار دەكەن
دڵزار ئیسماعیل ئاماژەی بە بواری كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە كرد و گوتی “زۆرترینیان لە بواری بازرگانی و كەرەستەدایە و دووەم بواریش بەڵێندەرایەتی پیشەسازی كەرەستەی خانووە و دوای ئەویش بواری تەندروستی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزاری دێت”. گوتیشی “نزیكەی 500 كۆمپانیا لە بواری نەوتدا كاردەكەن و كەمترین كۆمپانیاش لە بواری فێركاریدایە”.
رۆژنامەی وۆرڵد تریبۆن لە راپۆرتێكدا دەڵێت كۆمپانیا بیانیەكانی بواری نەوت سەرەڕای بوونی یەدەگی نەوتی زۆر، خەریكن سەرمایەكانیان لەعێراق دەكشێننەوە. شارەزایەكی بواری نەوت بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، كۆمپانیا بیانیەكانی نەوت بەهۆی گەندەڵی لەرادەبەدەر و بارودۆخی ئاسایش چالاكییەكانیان لە عێراق كەمكردووەتەوەو چاویان بڕیوەتە هەرێمی كوردستان.
روداو