ژاپۆن زیاتر له‌یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رز ده‌داته‌ عێراق

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ ژاپۆن بڕیاریداوه‌ بڕی‌ یه‌ك ملیار‌و (240) ملیۆن دۆلار، به‌مه‌به‌ستی‌ دروستكردنی‌ پاڵاوتگه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ ڕومێله‌ له‌باشوری‌ وڵات وه‌ك قه‌رزی‌ درێژخایه‌ن بداته‌ عێراق.
(عاسم جیهاد) وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ (فورات نیوز) جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ ژاپۆن بڕی‌ یه‌ك ملیار‌و (240) ملیۆن دۆلار وه‌ك قه‌رز ده‌داته‌ عێراق، ئه‌و پاره‌یه‌ش له‌دروستكردنی‌ پاڵاوتگه‌یه‌كی‌ نوێی‌ گازی‌ سروشتیدا خه‌رج ده‌كرێت، له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ ڕومێله‌ له‌باشوری‌ وڵات.
(عاسم جیهاد) جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، ژاپۆن ئه‌و پاره‌یه‌ به‌چه‌ند قۆناغێك ده‌داته‌ عێراق، له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا (750) ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ عێراق بۆ دروستكردنی‌ پاڵاوتگه‌یه‌كی‌ گازی‌ سروشتی‌ له‌كێڵگه‌ی‌ ڕومێله‌، له‌قۆناغی‌ دووه‌میشدا پاشماوه‌ی‌ پاره‌كه‌ ده‌داته‌ عێراق بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ خور زوبێر له‌به‌سره‌.