ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بەدواداچوونێكی كردووە لەسەر هەرزانبوونی نرخی گەشتكردن بە فرۆكە و رایگەیاندووە كە هەندێك لە هێڵە ئاسمانییەکان نرخی یەك تكێتی گەشتكردنیان كردووەتەوە یەك دۆلار و نیو.
ڕوژنامەی تەلیگرافی بەریتانی راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە لەسەر هەرزانبوونی تکێتی فرۆكەوانی لە وڵاتەكەیان و نووسیوویەتی: “بەهۆی كۆرۆناوە ماوەیەكی زۆر گەشتە ئاسمانییەكان لەسەرانسەری جیهاندا وەستان، لە پاش ئەو وەستانەش هەندێك لە هێڵە ئاسمانییەکان بۆ هاندانی هاووڵاتییان لەسەر گەشتكردن نرخی تکێتی فرۆكەیان هەرزان كردووە و هێڵی فرۆكەوانی بەریتانیاش ئۆفەرێكی پێشكەشی كردووە كە نرخی تکێتەكانی كردۆتە یەك دۆلار و نیو”.
رۆژنامەكە ناوی چەند هێڵێكی دیكەی ئاسمانی بەریتانی هێناوە لەوانە (ئیزی جیت و رایان ئایر) كە نرخی تکێتەكانیان كردۆتە 10 دۆلار.
دیفید سكیلیكورن كە بەرپرسێكی كۆمپانیایەكی فرۆكەوانیە بۆ رۆژنامەی (تەلیگراف) دەڵێت: “ئامانج لە هەزرانبوونی نرخی تکێتی فرۆكەكان تەنها بۆ ئەوەیە كە متمانە بۆ ژیان بگەڕێنینەوە و كەشێكی وا بۆ هاووڵاتییان برەخسێنین كە گەشت بكەن”.