لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق بڕیارێكی نوێ دەدرێت

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانیی عیراق بڕیاریدا بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەشتیاران بەر لە ٤٨ كاتژمێر لە گەشتكردنیان، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ بكرێت.

جیهاد كازم، وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانیی عیراق، لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لەسەر بڕیارو ڕاسپاردەكانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، لە ٢٣ی ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق بە رووی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە دەستیان پێكردۆتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی تەندروستی گەشتیاران، چەند رێوشوێنێك گیراونەتەبەر.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكە، بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە هەموو بەش و شوێنەكانی فڕۆكەخانە، رێوشوێنی پێویست لەدوای هەموو گەشتێك دەگیرێنەبەرو شوێنەكان لەلایەن كارمەندانی تایبەتەوە پاكدەكرێنەوە، هەروەها گەشتیار دەبێت ٤٨ كاتژمێر بەر لە گەشتكردن و لەڕێی ئامێری (پی سی ئاڕ)ەوە، پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت و بەڵگەی پشكنینی پێبێت و بیسەلمێنێت كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە.