کازمی: “کاردەکەین بۆ رزگارکردنی ئابووری عێراق لە پشت بەستن بە نەوت”


سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، حکوومەتەکەی هەوڵ دەدات ئابووری وڵات بەهێز بکات و وەک هەنگاوێک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، رووبەڕووی بووەتەوە.

مستەفا کازمی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ پیاوانی کاری عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بایەخ بە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان و گواستنەوە دەدات.

هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە رابردوودا بۆ کەمکردنەوەی پشت بەست بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات شکستی هێنا، بەهۆی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی.

عێراق بەڕێژەی لەسەدا ٩٣ی داهاتەکانی لە بوودجەی گشتی پشت دەبەستێت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی وتیشی: “حکوومەت هەوڵ دەدات عێراق ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و جگە لە نەوت وەبەرهێنان لە بوارەکانی دیکەدا بکات. لەهەر شوێنێکیش گەندەڵی هەبێت رووبەڕووی دەبینەوە”.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە میانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، عێراق ١١ ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی نەوتدا پێگەیشتووە.