وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی ئایاردا بایی 2 ملیار 136 ملیۆن دۆلار نەوتمان فرۆشتووە



وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئایاری ڕابردوو و بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەو مانگەدا بایی 2 ملیار و 136 ملیۆن و 83 هەزار دۆلار نەوتیان فرۆشتووە.


بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کراوە، و داهاتەکەی 2 ملیار و 136 ملیۆن و 83 هەزار دۆلار بووە.



وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد، لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی بڕی هەناردەی نەوتی خاوی بۆ مانگی ئایاری ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوکردەوە کە بڕەکەی 96 ملیۆن و 39 هەزار و 852 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی 2 ملیار و 60 ملیۆن و 23 هەزار دۆلار بووە، لەکاتێکدا بڕی هەناردەی نەوتی کەرکووک لەڕێی بەندەری جەیهان 3 ملیۆن و 545 هەزار و 431 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی 76 ملیۆن و 59 هەزار و 290 دۆلار بووە.



وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکراشیکردووە کە لە مانگی ئایاردا یەک بەرمیل نەوتیان بە 21 دۆلار و 450 سەنت فرۆشتووە.