ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پشتگیریی لەكاسبكارانی بازاڕ دەكات

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو كاسبكارو خاوەنکارە بەڕێزانە رادەگەیەنێت كە لەئێستاو ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەو رێكارانەی گیراونەتەبەر بەمەبەستی رێگرتن لەبڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، توشی زیان‌و بێكاری بون‌و قەرەبوشیان نەکراوەتەوە.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وێڕای ئەوەی بانگەوازی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات كە پابەند بن بەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە بۆ ئەوەی پاراوێز بن لەتوشبون بەو پەتا مەترسیدارەی رۆژانە هەڕەشە لەژیانی مرۆڤ دەكات لەسەرتاسەری جیهاندا، لەهەمانكاتیشدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات دەرفەتی كردنەوەی دوكان‌و بازاڕو بەڕێوەچونی كارو پیشەو بژێویی ئەو كاسبكارانە بەپێی مەرج‌و رێنماییە تەندروستییەكان بڕەخسێنێ‌، كە بەهۆی کارو کاسبی رۆژانەوە بژێویی ژیانیان مسۆگەر دەكەن، لەم روانگەیەوە پشتگیریی لەجێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەین.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەدرێژایی سێ‌ مانگی رابردوو، کە پەتای کۆرۆنا بلاوبوەتەوە، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە خستوەتە گەڕ كۆرۆنا ژیانی هاوڵاتیان نەخاتە مەترسییەوەو لەڕووی ئابورییەوە بازاڕ پشێویی‌و گرانی بەخۆیەوە نەبینێ‌‌و ئەو كاڵاو خۆراكانەی كە هاوردە دەكرێن، كاڵاو خۆراكی کوالێتی بەرزو تەندروست بن‌و هاوكات لەهەوڵی ئەوەشدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تا لەقۆناغی داهاتودا كوردستان زیاتر پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستێت لەدابین كردنی گرنگترین پێداویستییەكانیدا.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەل ئەوەی داوا لەهەموو خەڵكی كوردستان دەكات پابەند بن بەرێنماییە تەندروستییەكانەوە، بەڕای گشتی كوردستانیشی رادەگەیەنێت كە پشتیوانی لەهەموو ئەو داواکاریانە دەکات خوازیاری ئەوەن كارو بازاڕ‌و چالاكی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی‌و پیشەسازیی بەهیچ بیانوییەك پەكنەخرێت، بەتایبەتی ئەو كارو پیشانەی بژێویی ژیاتی رۆژانەی كاسبكاران دابین دەكەن.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی
2/ 6 / 2020