عیراق کۆی داهات و هەناردەی نەوتی مانگی رابردووی راگەیاند

وەزارەتی نەوتی عیراق كۆی هەناردەو داهاتی نەوتی مانگی ئایاری ئاشكراكرد و بەگوێرەی ئامارەكە مانگی رابردوو ٩٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە كراوە‌و داهاتەكەشی ٢ ملیار دۆلار بووە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عیراق (سۆمۆ)، كۆی ئەو بڕە نەوتەی لەمانگی ئایاردا لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە بەرهەمهێنراوە و هەناردەی دەرەوەی وڵات كراوە ٩٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٨٥٢ بەرمیل بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە بڕی ئەو نەوتەی لەكیڵگە نەوتییەكانی كەركوك و لەڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەی دەرەوە كراوە گەیشتۆتە ٣ ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ٤٣١ بەرمیل.
عاسم جیهاد ئەوەشی خستەڕوو، كۆی هەناردەی رۆژانەی نەوت ٣ ملیۆن و ٢١٢ هەزار بەرمیل بووە‌و بە تێكڕا نرخی یەك بەرمیل نەوتیش بە ٢١ دۆلار فرۆشراوە.