عێراق بڕیاری کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا نەداوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران.

دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران وەک رێکاری خۆپارێزی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) داخراون.

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی ئەو هەواڵەی داوەتەوە کە لە ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمی “فارس”ی ئێران لەبارەی پلانی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانی شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان لە عێراق، بڵاوکردەوە.

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عەلائەددین قەیسی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاژانسی فارس هەواڵێکی لەبارەی ئەوەی کە ئێران پلان دادەنێت بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانی شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان لە عێراق وێڕای بڕیاری داخستنی دەروازەکان، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و کوێت بە تەواوەتی بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی گەشتیار داخراوە.

قەیسی راشیگەیاندووە: “ئەم داخستنە تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت، بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان کار دەکەین بۆ کردنەوەی دەروازەکان”.

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عەلائەددین قەیسی ئاماژەی بەوە کردووە بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە پەیوەستە بە راپۆرت و داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی، وەک دەستەی دەروازە سنوورییەکان رشدین لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

حکوومەتی عێراق بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماکان و چەند شوێنێکی دیکە، ھەروەھا وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە شەش هەزار و ٨٦٨ کەس، لە نێویاندا ٢١٥ گیانلەدەستدان هەبووە و سێ هەزار و ٣٧٨ تووشبوو دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەتەوە.