وەزیری دارایی عێراق: لەگەڵ سعوودیە لەسەر گواستنەوەی کارەبا و پەرەپێدانی بازاڕی وزە رێککەوتوین


 وەزیری دارایی عێراق لەبارەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە رایگەیاند، “لەگەڵ سعوودیە، لەسەر گواستنەوەی کارەبا و پەرەپێدان بە بازاڕی وزە رێککەوتووین”

 لە بڵاوکراوەیەکدا عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق کە دوێنێ ھەینی بە سەردانێک گەیشتووەتە ریاز تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە دیدارەکەی لە سعوودیە دەکەت و دەلێت، “لەمیانی دیدارەکەم لەگەڵ وەزیری وزەی سعوودیە، شازادە عەبدولئەمیر بن سەلمان لەسەر کاراکردنی ھێڵی گواستنەوەی کارەبا لە نێوان عێراق و سعوودیە رێککەوتین”.

هاوکات عەللاوی نووسیوویەتی، “ھەر لەمیانی دیدارەکەدا، لەسەر پەرەپێدان بە بازاڕی وزە و وەبەرھێنان و بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە عێراق رێککەوتین”.

شایەنی باسە ئەمەش دوای ئەوە دێت، حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی لە ئایاری ٢٠١٩دا، پڕۆژە یاسایەکی بۆ ھاندانی وەبەرھێنان لەگەڵ سعوودیە پەسەندکردبوو.