دارا جەلیل خەیات: گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی و پەرەپێدانی دەدەین

سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات راگەیاند  “لە میانی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دڵنیاییان داوەتە خەڵک کە هیچ کێشەیەکی کەموکوڕی لە خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانە نابێت و راشیدەگەیەنێت کە هاوکاریی و ئاسانکاریی تەواویان کردووە بۆ بازرگانان بۆ ئەوەی مامەڵە و ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانیان بکەن”.

دارا جەلیل خەیات لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: “لە میانی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆدا، ژووری بارزگانی بەردەوام بووە لە یارمەتیدانی بازرگانان و چارەسەری کێشەکانیان کردووە بۆ ئەوەی کاری خۆیان بەتەواوی بکەن و لەو ماوەیەدا کەرتی خواردەمەنی زۆر کارابوو و دڵنیایی درا خەڵک کە هەموو پێداویستییەک هەیە و کەموکوڕیی نییە و هەرواش بوو، هیچ کەموکوڕییەکمان نەبوو”.

سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان وتیشی: “هەرچەندە لە ئیش و کارەکاندا تۆزێک سستی هەبوو، بەڵام ئێستا خەڵک گەڕاوەتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی و سنوورەکان کراوەن و بارهەڵگرەکان هاتوچۆ دەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە”.

دارا جەلیل خەیات لەبارەی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ پەرەپێدان بە بەروبوومی ناوخۆیی گوتی: “ئێمە وڵاتێکی کشتوکاڵیین و هەموو بەرهەمێک لە ناوخۆدا هەیە، بەم دواییە خەڵک لە ئاسانکاریی دەگەڕا و لە دەرەوە بابەتەکانیان هاوردە دەکرد و هەموو ئەو شتانە لە ناوخۆ هەیە وەک سەوزەوات و میوە و شتەکانی دیکە، بەڵام سەیرمان کرد کە زۆر گرنگە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ پەرە پێ بدەین بۆ ئەوەی بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆ زیاد بکەین، بۆیە ئێمەیش داواکارین کە زیاتر بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆی پەرەی پێبدرێت”.

سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوالێتیی بابەتەکانیشەوە گوتی: “هەر وڵاتێک بابەتێکی خۆی هەیە، لەلای ئێمە هیچ کەموکوڕی نییە و باوەڕ ناکەم کوالێتیی هیچ وڵاتێک وەک بەرهەمی ناوخۆیی بێت، بۆیە پەرەپێدان بە بەرهەم و بەروبوومە ناوخۆییەکان کارێکی باشە و هەموو لایەک سوود وەردەگرن و دراویش ناچێتە دەرەوە کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت”.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەکرد کە خەریکی ئەوەن پەرە بە کەرتی پیشەسازیی بدەن و لەمباریەوە بۆچوونی پیشەسازکاران وەردەگرن و گوتیشی: “ئێستا خەریکی ئەوەین کە چۆن گەشە بە کەرتی پیشەسازیی بدەین و لەمبارەیەوە بۆچوون وەربگرین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داوامان وایە ‌حکوومەتیش کاری لەسەر بکات و ئاسانکاری بۆ پیشەسازکاران و بازرگانان و وەبەرهێنەران بکات”.

دارا جەلیل خەیات هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان رۆڵیان دەبێت لەو پلانەی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان کە رەخساندنی ھەڵی کاری بۆ ٢٠٠ ھەزار کەس راگەیاندووە.