بانکی ناوەندیی عێراق:پارەمان لە بانکە عەرەبییەکاندا هەڵنەگرتوە

بانکی ناوەندیی عێراقی ڕەتی کردەوە پارەی بە قازانجی 3% لە بانکە ئەهلییە عەرەبییەکاندا دانابێت؛ جەختیشی کردەوە ئەو پەرلەمانتارەی ئەو لێدوانەی داوە و بانکەکەی لەکەدار کردووە،بۆیە دەیدەنە دادگا. 
لە بەیاننامەیەکدا،بانکی ناوەندی ڕایدەگەیەنێت، ئەو پەرلەمنتارە عێراقییەی وەها لێدوانێکی داوە کە بانکی ناوەندیی عێراقی بڕی ملیارێک دۆلاری بە قازانجی 3% لە بانکە ئەهلییە عەرەبییەکاندا داناوە، بێئاگایە لەوەی کە چی دەگوزەرێ و میکانیزمی باوەڕپێکراوی بانک دانانی پارەیە لە بانکە ناوەندییەکانی عێراق و دانانی پارەیش لە بانکی ئەو وڵاتانەی کە متمانەیان زۆر باشە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانک جێبەجێ دەکرێت.
بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئەم جۆرە لێدوانانە بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتی بانکی ناوەندییە لە بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵکاران و پارێزگاریکردن لە پیاوانی بانکی کە دەیانەوێت ئابووریی عێراق بینا بکەن.
لە 19ـی ئایاری 2013ـیش، بانکی ناوەندی وەها جۆرە لێدوانێکی بە شێواندنی بازاڕ ناو برد و گوتی کە بە هۆیەوە خاوەنکار و وەبەرهێنەران زیانبار بوون.
بانکی ناوەندیی عێراقی، وەک بانکێکی سەربەخۆ و بە بڕیارێک لە 6ـی ئازاری 2004 دامەزرا، هەر ئەو بانکەیش لە سەقامگیریی نرخەکان جێبەجێکردنی سیاسەتی دراو بەرپرسە.