كەنەدا هەموو جۆرە بازرگانیەك لەگەڵ ئێران راگرت

بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیەكەیەوە، كەنەدا هەموو جۆرە بازرگانیەكی لەگەڵ ئێران راگرت‌و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا، جۆن بیرد وەزیری دەرەوەی كەنەدا ڕایگەیاند: لەساڵی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان كەنەدا‌و ئێران 130 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، بەڵام بەهۆی مەترسیەكانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تارانەوە، بڕیاریانداوە هەموو جۆرە بازرگانیەك لەگەڵ ئێران رابگرن. وەزیری دەرەوەی كەنەدا وتیشی: كۆبونەوەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە بڕواهێنان بە ئێران كە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەكەی ببێت هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
ئەمەش بۆتە هاندەرێك بۆ كەنەدا كە هەموو جۆرە بازرگانییەك لەگەڵ ئێران رابگرێت. هاوكات بەگوێرەی ئامارە ڕەسمیەكان لەساڵی 2012دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان كەنەدا‌و ئێران 130 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، بەجۆرێك بەبڕی 91 ملیۆن دۆلار دانەوێڵە‌و خۆراك لە كەنەداوە هەناردەی ئێران كراوە‌و لەبەرامبەریشدا ئێران بەبڕی 39 ملیۆن دۆلار كاڵای هەناردەی ئەو وڵاتە كردووە.