9 هۆتێلی براندی نێودەوڵەتی هاتوونەتە كوردستان

تاوەكو ئێستا 9 هۆتێلی ماركەی ناوداری جیهانی روویان لە كوردستان كردووە و نوێنەری یەكێك لەو هۆتێلە جیهانیانەش دەڵێت گەورەترین كێشەیان نەبوونی ستافێكی پرۆفیشناڵی ئەو بوارەیە لە كوردستان.
سەرەتای مانگی رابردوو، كۆمپانیای ناوداری ئەمریكی هیلتۆن كە تایبەتە بە كەرتی هۆتێل، گرێبەستی دروستكردنی هۆتێلێكی لە شاری سلێمانی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو كە دوو هۆتێل لە شاری هەولێر دروستدەكات و بڕیارە لە ساڵانی 2014 و 2015 تەواو بن.
بەپێی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئێستا 9 هۆتێلی براندی نێودەوڵەتی روویان لە كوردستان كردووە و هەندێكیش لەو ماركانە بەنیازن لە یەك هۆتێل زیاتر دروستبكەن لە كوردستان. 
ئەو نۆ هوتێلەش بریتین لە (هیلتۆن، رۆتانا، دیڤان، كەمپەنسكی، بێست وێسترن، شیراتۆن، مەلەنیۆم، لێماریدیان و ماریۆت). 
یەكێك لەو ماركانە، هۆتێلەكانی بێست وێسترن (Best Western)ی ئەمریكییە كە یەكێكە لە گەورەترین و ناودارترین كۆمپانیاكانی جیهان لەبواری هۆتێل و زیاتر لە 4 هەزار هۆتێلی لە 80 وڵاتی جیهان هەیە.
ساڵی رابردوو، ئەو كۆمپانیایە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی خۆمالیدا مۆر كرد بەمەبەستی دروستكردنی هۆتێلێك لە شاری هەولێر و بەو بۆنەیەوە جێگری سەرۆكی هۆتێلەكانی بێست وێسترن هاتە كوردستان.
گلێن دی سۆزا، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای بێست وێسترن سەبارەت بە هاتنیان بۆ كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندوە “ئێمە لەو بڕوایەداین لەداهاتوودا گەشتیارێكی زۆری بیانی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، پێشموایە گەشەكردنێكی بێوێنە رووی لەو ناوچەیە كردووە”.
سەبارەت بەو كێشانەی كە رووبەڕووی كۆمپانیا ناودارەكانی هۆتێل دەبنەوە لە كوردستان، دی سۆزا وتی “كێشەی ئێمە ئەوەیە ستافێكی پڕۆفیشناڵ و بەئەزموون لێرە نییە. بۆیە هەوڵدەدەین خەڵكی بەئەزموون لەو بوارە بهێنین، دواتر ئەوان مەشق و راهێنان بە كارمەندی خۆماڵی بكەن تاوەكو لە كۆتاییدا ئەوان بەڕێوەبردنی هۆتێلەكە بگرنە ئەستۆ”.
هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران بۆ كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وای كردووە داوا لەسەر هۆتێل زیاد بێت و بەپێی قسەی نادر رووستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 217 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
هەروەها وتی “ئێستا 242 هۆتێل لە كوردستاندا هەن لەگەڵ زیاتر لە 55 گوندی گەشتیاری، بە گشتی 42 هەزار تەختی نووستنمان هەیە”.
بەشی هەرەزۆری ئەو گەشتیارانەی تائێستا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو عەرەبانەن كە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەتایبەتی لە وەرزی هاوین روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
كۆمپانیای زنجیرە هۆتێلەكانی هیڵتۆن 530 هۆتێلی لە 78 وڵاتی جیهان هەیە و لەكاتی مۆركردنی گرێبەستەكەیان بۆ دروستكردنی هۆتێلی هیڵتۆن لەشاری سلێمانی، نوێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو كۆمپانیایە رایگەیاند ئەوان بازاڕی كوردستانیان كردووەتە ئامانج.
رودی یارسباكاری نوێنەری كۆمپانیای هیڵتۆن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی “هەرێمی كوردستانی عێراقی ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاری نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی راكێشاوە و ئەمەش وایكردووە داواكاری لەسەر هۆتێلی كواڵێتی بەرز زۆر بێت”.