هەناردەی دەروازەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان 34% زیادی كردوه‌

حكوومەتی ئێران كۆی هەناردەی یەكێك لە دەروازە بازرگانییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، لە ماوەی 11 مانگی رابردوو راگەیاند.

سەعید شەریفی جێگری وەزیری كاروباری بازرگانی و پیشەسازی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاداری 2020  ئاماژەی دا، لەو ماوەیەدا بە قەبارەی ملیارێك و 140 ملیۆن دۆلار لە رێی دەروازەی بازرگانیی مێهرانەوە هەناردەیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هەبووە.

وەك لە ئامارەكەدا خراوەتەڕوو، لە رووی كێشەوە قەبارەی بازرگانییەكە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێك پێشتر 34% بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی “ئیرنا” شووشە، پێداویستییەكانی ماڵ، كانزاكان،  پێداویستییەكانی بیناسازی و میوە و سەوزە بەشێك لەو كاڵایانەن كە لەو دەروازەیەوە هەناردەی عێراق كراوە.

لەو ئامارانەی خراونەتەڕوو، باس لەوە نەكراوە لە رووی قەبارەی سەرمایەوە هەناردەكردنەكە زیادی كردووە یان كەمی كردووە.

پێشبینی دەكرێ لەو رووەوە ئێران پاشەكشەی كردبێت، چونكە بەهای دراوی وڵاتەكەی زۆر دابەزیوە و بە خستنەڕووی زیاتری كاڵا ویستوویەتی قەرەبووی ئەو دابەزینە لە داهاتی هەناردە بكاتەوە.

پێویستە بوترێ دەروازەكە 230 كیلۆمەتر لە بەغدا دوورە و بە گرنگترین رێیش بۆ هاتوچۆكردنی گەشتیارانی ئاینیی ئێرانی بۆ مەزارگەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا و سامەڕا هەژمار دەكرێت.

مێهران سەر بە پارێزگای ئیلامە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و 85 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاكە دوورە. لە دیوی عێراقیش دەروازەكە كەوتووەتە  ناوچەی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەریم لە پارێزگای دیالە.