ھەرێمی کوردستان.. سەلامەتی و پاراستنی گیانی کرێکاران لە ئاستێکی مەترسیداردایە

لە رۆژی جیھانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی کاردا چالاکوانانی بواری داکۆکی کردن لە مافی کرێکاران رایدەگەیەنن گەورەترین گرفت لەبەردەم پاراستنی گیانی کرێکاران دا نەبوونی سیستمێکی دڵنیاییە لە ھەرێمی کوردستان دا تا ھەوڵبدرێت سەلامەتی و پاراستنی گیانی کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان پارێزراو بێت. بەپێی ئامارەکانیش ساڵانە ژمارەی قوربانیانی دەستی کار لە ھەرێم رووی لە زیادبوونە. 
بەپێی ئامارەکان رێژەی قوربانیانی دەستی کار لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایەو ساڵانەش ئامارەکە روو لە زیادبوونە، رێکخراوەکانی تایبەت بەداکۆکی کردن لە مافی کرێکارانیش رایدەگەیەنن زۆربەی ئەو باڵەخانەو پڕۆژانەی لەئێستادا جێبەجێ دەکرێن وەک پێویست مەرجی سەلامەتی و پاراستنی گیانی کرێکارانیان تێدا رەچاو نەکراوە. 
لەگەڵ ئەوەی رۆژی ٢٨ی نیسانی ھەموو ساڵێک رۆژی جیھانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەییە لە شوێنی کار، بەڵام بەبۆچونی شارەزایانی بوارەکە تائێستا ئەم رۆژە لە ھەرێمی کوردستان نەکراوەتە دەرفەتێک لەبارەی بنیاتنانی سیستمێکی دڵنیایی بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران. 
رەھێڵ فەرەیدون لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران، رایگەیاند: زۆربەی ئەو باڵەخانەو پڕۆژانەی کە لەلایەن کەرتی تایبەت و گشتیەوە لە ھەرێمی کوردستان بنیات دەنرێت مەرجەکانی سەلامەتی و دڵنیاییان تێدانیەو تێبینییەکی زۆریان ھەیە لە شێوازی کارکردنی کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات ھەوڵێکی زۆیان داوە کە ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێت سەلامەتی گیانی کرێکارانی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام تائێستا وەک پێویست ھەنگاو لەمبارەوە نەنراوە، راشیگەیاند: بەپێی ئامارەکان تەنھا لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٢ دا ٢٥ کرێکار بوونەتە قوربانی و لە ماوەی ٤ مانگی ئەمساڵیش دا تائێستا ٨ کرێکاری تریش لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە ئەمە سەرباری برینداربوونی چەند کرێکارێکی تر. 
لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران راشیدەگەیەنێت ئاماری قوربانیانی دەستی کار مەترسیدارەو پێویستی بەھەوڵی خەمخۆرانەیە بۆ ئەوەی رێژەی قوربانیانی دەستی کار لە ھەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوەو چارەسەرێکی پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە. 
د. ئبتسام ئیسماعیل مامۆستای زانکۆی سلێمانی، پێَی وایە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەبونی سیستمی دڵنیایی سەلامەتی لە ھەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی ئاماری قوربانیانی دەستی کار پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای کاری ھەرێمی کوردستان دا بکرێت و یاساکە بەجۆرێک رێکبخرێت کە سەلامەتی گیانی کرێکار لە شوێنی کار پارێزراو بێت و خاوەنی ھەموو پڕۆژەکان ناچار بکرێن کە سیستمی دڵنیایی دەستی کار لە شوێنی کار تا ئاستێکی باش رەچاو بکەن. 
وەک ھەوڵێکیش بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و بنیاتنانی سیستمێکی دڵنیایی لە ھەرێمی کوردستان رۆژی ٠٤/٢٨، لە مەراسیمێک دا لە شاری سلێمانی کە ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان ئامادەی بوون یەکەمین رێکخراوی تایبەت بەتەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی کار راگەیەندرا. 
د. رەزا حەسەن ئەندامی لیژنەی دامەزرێنەری رێکخراوی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی کار، رایگەیاند: ئامانج لە دامەزرانی رێکخروەکەیان خستنەگەڕی ھەوڵێکی نوێیە بۆ پێداچوونەوە بەسیستمی کار لە ھەرێمی کوردستانداو گرتنەبەری رێوشوێنێکی پێویستی گونجاو کە زۆرترین سەلامەتی گیانی کرێکاری تێدا پارێزراو بێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەرێگەی رێکخراوەکەیانەوە ھەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بەھەوڵی ھەموولایەک سیستمێکی دڵنیایی سەلامەتی لە ھەرێم بنیات بنرێت تا لەم رێگەیەوە رێگری بکرێت لەو قوربانیە زۆرەی دەستی کار کە ساڵانە بەھۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و دڵنیاییەوە لە ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت. 
لەماوەی چەند ساڵی رابردووداو بەھۆی نەبونی مەرجەکانی دڵنیایی سەلامەتی لە باڵەخانەو پڕۆژەکان دا چەندین کارێکار لە شوێنی کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، چالاکوانانی بوارەکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ھەنگاوی گرنگ بنێت بەئاراستەی بنیانتانی سیستمێکی دڵنیایی سەلامەتی بۆ پاراستنی گیانی کرێکار لە شوێنی کار.