چەند بڕیارێک لەلایەن پارێزگای سلێمانی دەرکرا، نێرگەلە کێشان قەدەغەکر

ئەمڕۆ، ٢٦/ ٢/ ٢٠٢٠، د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی کرد، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پەیوەست بە ڕێگریکردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
١. لە کۆبوونەiوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر ھەموو بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٥/ ٢/ ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان و بڕیارو ڕێنمایی‌و بەیانەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆو تەندروستی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٢/ ٢/ ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆو ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٣/ ٢/ ٢٠٢٠ی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٤/ ٢/ ٢٠٢٠ی فەرمانگە پەیوەندیدیدارەکانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی.
٢. میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو بەیان‌و ڕێنمایی‌و ڕاسپاردەکان دیاریکران، ھەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەو ژمارەو خزمەتگوزاریی‌و شوێن‌و چاودێری تەندروستی‌و پاراستنی ئەو ھاووڵاتیانەی لە چین و کۆماری ئیسلامیی ئێران و شارەکانی نەجەف و کەرکوکەوە گەڕاونەتەوە، کران.
٣. ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی وردی دەروازە نێودەوڵەتی‌و مەرزو بازگەکان بۆ بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دیاریکران.
٤. جەخت کردنەوە لەسەر داخستن‌و چاودێریکردنی وردی ڕێگا نایاساییەکانی گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
٥. ھەر ھاووڵاتیەک لەو شوێنانەوە گەڕابێتنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە لەپێشەوە باسکران لەدوای (٢٠/ ٢/ ٢٠٢٠)ەوە، بە ھەر ڕێگاو ئامرازێک، پێویستە خۆیان بە دەزگا تەندروستیەکان بناسێنن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٦. ھاتووچۆی پەناھەندەو ئاوارەکان بۆ شارەکانی تر قەدەغەیەو ھەر کەسێک شوێنەکەی خۆی لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەم ماوەیەدا بەجێ بھێڵێت، ڕێی پێ نادرێت بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی تا کاتێکی نادیار.
٧. دوای بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی، خەرجیی پێویست بۆ گشت پێداویستیە لۆجیستیی‌و خزمەتگوزارییەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەڕێی پارێزگای سلێمانیەوە تەرخان کران.
٨. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردرا بەپێی ئەو بودجەیەی تایبەتە بە کەلوپەلی تەندروستی‌و ھەڵمەتی ھۆشیاری‌و ڕاھێنان لە وەزارەتەکانی تەندروستی و داراییەوە تەرخان کراوە، کاری پێویست بکات بۆ دابینکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان.
٩. قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و لیژنەکانی قائیمقامیەت راسپێردران، کە بەوردی و لێپرسینەوەی تەواوەوە ڕێ لە ھەر قۆرخکاریی‌و نرخ بەرزکردنەوەو کەلوپەل شاردنەوەیەک بگرن‌و ھەرکەس سەرپێچی بکات بەتوندترین شێوە سزای یاسایی دەدرێت.
١٠. پرۆسەی پشکنینی زانستی تاقیگەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیەوە دەستی پێکراوەو لە ڕۆژانێکی نزیکدا دەتوانرێت پشکنینی تەواو بۆ ھەر گومانلێکراوێک بکرێت.
١١. ھەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەڕێی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی ترەوە ڕاسپێردران بۆ ڕێگریکردن لە ھەر کۆبوونەوەو چالاکی‌و بۆنەو یادێکی گشتی، کە کۆبوونەوەو بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی تێدا ڕووبدات.
١٢. سەردانیکردنی نەخۆش‌و ڕاگیراوو بەندکراوەکان تا کاتێکی نادیار قەدەغەیە.
١٣. (قەدەغەکردنی نێرگەلەکێشان لە کافتریاو شوێنە گشتیەکاندا، داخستنی مەلەوانگەکان، ڕاگرتنی لایڤ میوزیک)و، ھەر شوێنێکی تریش، کە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان‌و لیژنەکانی قائیمقامیەت بەپێویستی بزانن دەگرێتەوە تا کاتێکی نادیار.
١٤. ھاتنی گروپی گەشتیاریی و ھاتنی گەشتیار لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و شارەکانی نەجەف و کەرکوکەوە، تا کاتێکی نادیار قەدەغە دەکرێت. پێویستە ھەموو دامەزراوە گەشتیارییەکان پابەندی تەواوی ئەم بڕیارە بن.
١٥. پێویستە ھەموو کەسێک بەوردی ڕێنماییە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پەیوەست بە خۆیان‌و ماڵا‌و شوێنی کارکردن‌و شوێنە گشتیەکان پەیڕەو بکەن بۆ خۆپارێزی باشتر.
١٦. تەنھا سەرچاوەی ڕاگەیاندنی زانیاری‌و ئامارەکانی پەیوەست بەم پەتایە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەو ھەر زانیاری‌و واتەوات و راگەیاندنێکی نافەرمیی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.