قەدەغەی سەردانی ئێرانییەکان بۆ عێراق بۆ ماوەی ١٥ رۆژ درێژکرایەوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە شانەی قەیرانەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیران، ماوەی قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ عێراق بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکردووەتەوە و سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە لێدوانێکدا  ئاشکرایکرد کە ئەو بڕیارە دوای کۆبوونەوەی نێوان شانەی قەیرانی سەربە حکوومەت تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئیرەج مەسجدی دراوە.

هاوکات سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد کە بڕیارەکە هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماتی ناگرێتەوە و ئاماژەی بەوەیشکرد کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا، عێراق هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات سەبارەت بە درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران.

دوێنێێ یەکشەممە وەزارەتى تەندروستى ئێران بڵاویکردبوویەوە کە ژمارەی توشبووان بە ڤايرۆس کۆرۆنا لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤٣ كەس کە هەشتیان گيانیان لەدەستداوە و پپێشتر عێراق رايگەياندبوو، بەهۆى مەترسی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، دەراوزە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران داخستووە.

هەروەها وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رايگەياندبوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانييەكانى لەگەڵ ئێران هەڵپەساردووە.

تا ئێستا حکوومەتی عێراق تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای رانەگەیاندووە.