ئافرەتانی هه‌ڵه‌بجه‌ کارگەیەکی دروستکردنی تورەکەی خام بۆ بەکارهێنانی وەک کیسەی خۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌

لەپێناو زیاتر گرنگیدان بە ژینگە و خستنە سەرکاری ئافرەتان، کارگەیەکی دروستکردنی تورەکەی خام بۆ بەکارهێنانی وەک کیسەی خۆڵ لەبری عەلاگەی نایلۆن لە پارێزگای هەڵەبجە، دەکرێتەوە.

لاستیک و نایلۆن یەکێکن لەو ماددە زیانبەخشانەی کە ژینگە پیسدەکەن و بەم دواییانەش ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە بەکارهێنانی عەلاگەی لە هەندێک شوێن قەدەغە کرد، بۆ بەدوورگرتنی ژینگە لەم ماددە زیانبەخشانەش، هاوکات وەک هاوکاریەک بۆ ئافرەتان تاکو بخرێنە سەر کار، ”رێکخراوی نوێ” بەهاوکاری ”رێکخراوی واد”ی ئەڵمانی کارگەیەکی دروومانی بۆ دورینی تورەکەی خام کردۆتەوە، تاکو وەک جێگرەوەیەکی نایلۆن و عەلاگە بەکاربهێنرێت.

ئەو تورەکانە دوای ئەوەی لەلایەن کارگەکەوە کە هەمووی ئافرەتن دروست دەکرێت لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە لەنێو بازاڕ و قوتابخانە و خوێندنگە و شوێنە گشتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە تاکو چیتر دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی عەلاگە و ماددەی پلاستیک.

تورەکەکان لەژێر ناوی ”هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە” بەسەر شوێنە گشتیەکاندا دابەش دەکرێت لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە.

سەرپەرشتیاری پرۆژەی دروومانییەکە، گەشاو سەعید ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئامانجیان لە دروستکردنی تورکەکە بڵاوکردنەوەیەتی لە قوتابخانەکان و نێو بازاردا، تاکو ژینگە بپارێزن لەو ماددە زیانبەخشانە بەتایبەت پلاستیک، عەلاگە، هاوکات رایدەگەیەنێت کە پرۆژەی دروومانییەکە لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەستیکردووە بەکار.

گەشاو سەعید باس لەوە دەکات کە یەکێکی تر لە ئامانجەکانیان لەم پرۆژەیەدا خستنەسەرکاری ئافرەتانە لە پرۆژەیەکدا و دەڵێت ”لێرە ٢٥ ئافرەت بە دوو گرووپ لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ، رۆژانە کاتژمێر ٩:٠٠ بۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ کار دەکەن. ئەوانەی ئێستا لەم پرۆژەیەدا بەرگدروون پێشتر، هەر لێرە خولیان بۆ کراوەتەوە و فێری دروومانی کراون. سوودی باشیان لێبینیوە”.

لەلایەکی ترەوە سەرۆکی رێکخراوی نوێ کە ئامانجیان گرنگیدانە بە ژینگە، قەیسەر ئەحمەد لەبارەی سەرەتای پرۆژەکە و گەڵاڵەبوونییەوە وتی: ”سەرەتا کە دەستمان پێ کرد، وەک گرووپێکی بچووکی خۆبەخشی دەستمان پێ کرد لە رێگەی سیمینارەوە لە گوند و شارۆچکەکاندا، کارمان دەکرد لەسەر هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و خەڵکی سەبارەت بە ژینگە، بەڵام دواتر ئەوەمان بە باش زانی، کاتێک سەیرمان کرد رێژەی بەکارهێنانی پلاستیک و عەلاگە لە ژینگە زۆر زۆرە، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە لەبری عەلاگە، خەڵک شتێکی تر بەکاربهێنێت، کەمتر زیانی هەبێت بۆ ژینگە، ئەویش تورەکەی خامە”.

ئەو باس لەوە دەکات کە یەکەمجار چەند هەزار تورەکەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوەتە ناوەوە، بەڵام ئەمە وای کردووە ئەو پارەیەی لە کەسانی خێرخواز وەریان دەگرت، پارەکەی بۆ دەرەوە دەرۆیشتووە و وتی: ”بیرمان لەوە کردەوە کە ئەو رێژەی تورەکە خامە، خۆمان بیخەینە بازاڕەوە، ئێستا پارەکە بەشێکی بۆ ژینگە، ئەوەی تری بۆ دەستەی مافی ژنان دەچێت، چونکە چەند ئافرەتێکیشمان خستۆتە سەر کار”.