دروستکردنی شەراب لە کوردستان


شەراب، لە تەخمیر یان ترشاندنی ترێ بە چەند هەنگاوێک بەدەست دێت و دوو جۆر رەنگی ھەیە کە بریتیین لە سپی و سوور، سپییەکەی بە ترێی سپی دروست دەکرێت و رەنگ سوورەکەی بە ترێی سوور دروست دەکرێت.

شەراب دروستکردن بە چەند هەنگاوێک دا تێدەپەڕێت کە لە وەرزی پاییز یان وەرزی رنینەوەی ترێ دەستپێدەکات، دواتر ترێیەکە لەناو پارچەیەکی تایبەت دەگوشرێت و پاشان لەناو دەفرێک هەڵدەگیرێت تا ماوەی چل رۆژ و ئینجا دەبێتە شەراب.

ژنێک لە قەزای شەقڵاوە، ماوەی ٥٥ ساڵە شەراب دروست دەکات و وەک خۆی دەڵێت جگە لە شەراب چەندین شتی دیکەی وەک دۆشاو، سرکە و خەل دروست دەکات و ئاشکرایشی دەکات دوای ئەو هەموو ساڵە، ئێستا بەنیازە شەرابەکە لەناو شووشەی تایبەت بەخۆی هەناردەی بازاڕ بکات و ئەم کارەیشی بۆ ئەوەیە کە شەرابی فەخرییە ئێلیا لە شەرابەکانی دیکەی بازاڕ جیابکرێتەوە.

خاتوو فەخرییە ئێلیا، ژنە مەسیحییەکی تەمەن ٧٥ ساڵە و خەڵکی قەزای شەقڵاوە، خاوەنی حەوت منداڵە و، ماوەی ٥٥ ساڵە خەریکی دروستکردنی شەرابە و، خاوەن رەزێکی ترێی تایبەت بە خۆیەتی تاوەکو ترێیەکان بکاتە شەراب.

فەخرییە ئێلیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “ماوەی ٥٥ ساڵە شەراب دروست دەکەم، رەزێکی ترێی تایبەت بە خۆمان هەیە، لە وەرزی پاییزدا دەست دەکەین بە رنینەوەی ترێ و ماوەی چەند رۆژێک لەبەر هەتاو دایدەنێین و نابێت ترێی خراپی تێدابێت، دواتر لە رێگای پارچە قوماشێکی تایبەتەوە ترێیەکە دەگوشین و پاشان دەیپارزنین و لەناو دەفرێکی تایبەتی دەکەین کە لە ماددەیەکی وەکو قوڕ دروستکراوە”.

فەخرییە ئێلیا گوتیشی: “لە هەنگاوی دواتر، بەردێکی تایبەت هەیە کە تەنیا من بەکاریدەهێنم و تا ئێستا کەس بەکاری نەهێناوە و بە کەسیشم نەگووتووە، ئەو بەردە وادەکات تامی شەرابەکە شرین بێت و، دەیخەمە ناو دەفرە پڕ لە شەرابەکە و سەری دەفرەکە بە پارچەیەک پەڕۆ دەبەستین تا ماوەی هەشت رۆژ چونکە ئەم ترێیەی کە گوشراوە هەندێک گازی هەیە و لەماوەی ئەو چەند رۆژە گازەکەی نامینێت و ئینجا سەری دادەخەین تا ماوەی چل رۆژ بۆ ئەوەی ببێتە شەراب”.

فەخرییە ئێلیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە وەرزی پاییز دەست دەکەن بە دروستکردنی شەراب و لە وەرزی زستانیشدا هیچ کارێک ناکەن چونکە بە گوتەی ئەو لە وەرزی زستاندا کەمتر شەراب پێدەگات و ئاشکرایشی دەکات کە چەند موشتەرییەکی هەیە لە دەرەوەی وڵات و لەکاتی سەردانییکردنییان بۆ هەرێمی کوردستان ئەوا بە مەبەستی کڕینی شەرابی خاتوو فەخرییە ئێلیا سەردانی شەقڵاوە دەکەن و شەرابەکە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە بۆ وڵاتەکانییان.

لەبارەی شێوازی کەشوهەوای شوێنەکە، فەخرییە ئێلیا گوتی: “دەبێت کەشیی شوێنەکە لە هاوینان فێنک بێت و زستانان گەرم بێت، بۆ ئەوەی تامی شەرابەکە خۆش بێت، بەگشتی نابێت نە زۆر گەرم و نە زۆر سارد بێت بۆیەش هەمیشە ئەو شوێنەی کە شەرابەکەی لێ هەڵدەگرم، ئەو جۆرە کەشەم فەراهەمکردووە”.

شەراب بەپێی هەڵکشانی تەمەن، نرخەکەی بەرز دەبێتەوە و خواستی زیاتری لەسەرە و کۆنترین شەرابیش کە لەماڵەکەی فەخرییە ئێلیادا هەیە، تەمەنی ٢٦ ساڵە و نایفرۆشێت بەڵام وەک خۆی دەڵێت نرخی ئەو بوتڵە شەرابە کۆنە دەگاتە ٢ هەزار دۆلار.

لەبارەی نرخی بوتڵێک شەرابی تازە دروستکراویشەوە، فەخرییە ئێلیا گوتی: “شەراب چەندی کۆنتربێت نرخی زیاترە، بەڵام ئێمە شەرابی یەک ساڵە و دوو ساڵە، بوتڵی بە دە هەزار دینار دەفرۆشین و بەپێی هەڵکشانی تەمەنی شەرابەکەش، نرخەکە بەرز دەبێتەوە”.

ئەو ژنە تەمەن ٧٥ ساڵە گلەیی لەوەشکرد کە ماوەیەکی زۆرە خەریکی هاوردەکردنی شووشەی شەرابە و گرفتی هێنانی شووشەکانی بۆ دروستکراوە و لەمبارەیەوە گوتی: “ماوەی سێ مانگە خەریکی هێنانی هەندێک شووشەی شەراب بووین لە تورکیا بەڵام هێنانی ئەو شووشانە گرفتێکی گەورە بوو لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل، چونکە رێگای هێنانی شووشەی شەرابیان نەدەدا، لە کۆتاییدا دوای ماندووبوونێکی زۆر توانمان ژمارەیەک شووشە هاوردە بکەین”.

ترێ، بەرھەمێکی پایزییە و لە مانگی ئابدا پێدەگات و تا نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەم بەردەوام بەرھەمی دەبێت و چەند جۆرێکی ھەیە وەکو ترێی کشمیشی، سوورکە، سەرقوڵە، سپیلکە، پیشۆڵکە، دۆشاوی، رەشمیری و رەشکە لە جۆرە بەناوبانگەکانی ترێی کوردستانن.