ژووری بازرگانی پشتیوانی سەوزکردنی شاری سلێمانی دەکات

ژووری بازرگانی پشتیوانی سەوزکردنی شاری سلێمانی دەکات

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەمڕۆ 19-12-2019 بەشداریکرد لە هەڵمەتێکی چاندنی درەخت لە چیای ئەزمڕ، کە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.


بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگار و قائیمقامی سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ژینگە و کشتوکاڵ و دارستان و پاوان لە دیوانی قائیمقامییەتی سلێمانی پرێس کۆنفرانسێک رێکخرا و تێیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگار رایگەیاند، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەرپرسیارێتی سەوزکردنی چیای ئەزمڕ و گۆیژەی لەئەستۆگرتوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ چاودێری دەکات.

وتیشی “درەختەکان بەشێوازێکی نوێ دادەنرێن بۆئەوەی لە وەرزی هاویندا توشی روداوی ئاگرکەوتنەوە نەبن”.

پارێزگاری سلێمانی بڕی بودجەی پرۆژەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ملیۆنێک دۆلاری بۆ دابینکراوە تابتوانرێت ئاگرکوژێنەوەی جێگیر و ئاگربڕ و نەمامی گونجاوی بۆ دابینبکرێت، درەختەکانیش لەو شوێنانەدا دەچێنرێن، کە بۆشایی سەوزایی هەیە. هەروەها هەوڵدەدرێت لە جێگای ئەو دارانەی سوتاون و نەماون، نەمامێکی دیکە بچێنرێت جا لە هەر شوێنێکی پارێزگای سلێمانی بێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوادەکات حکومەت ئەو بڕە پارانەی لە فەرمانگەکاندا وەری دەگرێت بەناوی ژینگە ھەر بۆ ھەمان سێکتەر خەرج بکرێتەوە و پارەکەی بۆ سەوزکردنی شار و زیاد کردنی درەختبێت وە پێویستە باخچەکان پشتگوێ نەخرێن حکومەت بودجەی تایبەتیان بۆ دابنێت تا مەترسی وشکبون و لەناوچونیان نەبێت.