بە بەشداری زیاتر لە٢٠٠ کۆمپانیا فستیڤاڵی پایز کرایەوە

ئەمڕۆ بە بەشداری ٢٠٠ کۆمپانیا لەناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لەتاسڵوجە فستیڤاڵی پایز کرایەوە کە تایبەتە بەنمایشکردنی کاڵای کۆمپانیاکان کە بەشدارن لە فستیڤاڵەکە.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕایگەیاند “ئەوکۆمپانیایانەی بەشداریان کردووە زیاتر ئێرانین کە ١٣٠ کۆمپانیا لەئێرانەوە ھاتونەتە سلێمانی و بەشدارن، ٨٠ کۆمپانیای ناوخۆیش بەشدارن کە بریکارنامەی کۆمپانیا ئەوروپیەکانیان ھەیە لەکوردستانداو کاڵاکانیان نمایش دەکەن، چەند کۆمپانیایەکی میسری‌و عێراقیش بەنمایشکردنی بەرھەمەکانیان بەشدارن”.

سه‌رۆکی ژوور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات “فستیڤاڵەکە ھەمو جۆرە بوارێک لەخۆ دەگرێت ھەر لەبەرھەمی خۆراکی‌و کارەبایی‌و ناوماڵ‌و جوانکاریی‌و جلوبەرگ‌و کشتوکاڵی تیایدا نمایش دەکرێت‌و ھاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بکەن‌و پێداویستیەکانیان بەنرخێکی گونجاو بکڕن”.

فستیڤاڵی پایز بۆ بازاڕکردن بڕیارە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بێت کە ڕۆژانە لەکاتژمێر ١٠ بەیانی تا ٥ی ئێوارە کراوە دەبێت.