ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

بەپێی رووپێوییەكانی دەستەی ئامار، رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بەروارد بە كاتی قەیرانی دارایی 4.5% كەمی كردووە.

بۆ دیاری كردنی قەبارەی هێزی كار و رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان، ساڵی 2012 دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بەهاوكاریی دامەزراوەی رەندی ئەمەریكی رووپێوییێكی كرد، بەپێی رووپێوییەكە، لەو ساڵەدا 38.4%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان لە 15 بۆ 64 ساڵ بووە، كاریان هەبووە.

 تەنیا 7.9%  كاریان نەبووە. لە ساڵی 2013 رێژەی بێكاری بۆ 6.5% دابەزیوە و تەنیا 87 هەزار كەس دەرفەتی كاریان دەستنەكەوتووە. لە ساڵی 2014 سەرەڕای بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بەڵام زۆر كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێَژەی بێكاری نەبووە، رێژەكە بۆ 6.53% بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2015  بێكاری بەشێوەیێكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 13.53%.

ساڵی 2016 هیچ رووپێوییێک نەكراوە، بەڵام لە ساڵی 2017 دەستەی ئامار بەهاوكاریی رێكخراوی IOM و   لە رێگەی رووپێوییێک قەبارەی هێزی كار و رێژەی بێكاری دەستكەوتووە. رێژەی بێكاری لە پارێزگاكان بەم شێوەیە بووە: هەولێر 9.2%، سلێمانی 9.4% و دهۆك 13.8%.

گوهدار محەممەد عەلی، بەرپرسی بەشی ئاماری دانیشتووان و هێزی كار لە دەستەی ئامار دەڵێت: “بەپێی رووپێوییەكان، نەمانی شەڕی داعش و رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و نەمانی پاشەكەوتی مووچە، كاریگەری زۆریان لەسەر بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان هەبووە، بەو هۆیەوە رێژەی بێكاری لە ساڵی 2017 بۆ 10.1% و لە ساڵی 2018 بۆ 9% دابەزیوە”.

گوهدار محەممەد دەڵێت بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی دەرفەتی كارەوە بەراورد بەپێشتر باشتر بووە، بەڵام هێشتا كاریگەری قەیرانی دارایی بەسەرەوە ماوە، بەراورد بەعێراقیش بارودۆخی هەرێَمی كوردستان باشترە، چوونكە بەپێی داتاكان رێژەی بێكاری لە عێراق لە سەرووی 16%یە و لە هەندێک شاریش دەگاتە نزیكەی 20%”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا لەڕێگەی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی كرێكار كە ژمارەیان 163 كۆمپانیایە، 11 هەزار و 164 كرێكاری بیانی (1.644 كرێكاری پرۆژە، 9.520 خزمەتكاری ماڵ ) هێنراونەتە هەرێمی كوردستان.

عارف حیتۆ، دەڵێت: “بەراورد بە پێشتر هێنانی كرێكاری پرۆژەمان زۆر كەمكردووەتەوە، چوونكە تا كرێكاری ناوخۆ هەبێت رێگە نادەین كۆمپانیاكان كرێكاری بیانی بهێنن، بەڵام بۆ كرێكاری ناوماڵ لەبەر ئەوەی هێشتا خەڵكی كوردستان بەهۆی هەندێ دابونەریت ئیشی ناوماڵ  ناكەن، بۆیە بەپێی خواست رێگەمان بە كۆمپانیاكان داوە كرێكاری ناوماڵ بهێنن.