نرخی بەنزین لەئێران بۆ سێ هێندە بەرزبوویەوە

نرخی بەنزین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە، کە بۆ هەر لیترێک بە کارت بڕی هەزار و ٥٠٠ تمەن و بە شێوەی ئازاد سێ هەزار تمەنە، ئەوەش سێ هێندەی نرخی پێشوویەتی.

میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، کە نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەرزکراوەتەوە، هەروەها پێدانی بەنزینی حکومی بە هاوڵاتیان سنووردار کراوە.

بەپێی نرخەکانی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، نرخەکانی بەنزین، لە حکومییەوە بۆ ئازاد گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، کە نرخی یەک لیتر بەنزینی حکومی بە هەزار و ٥٠٠ تمەن دەبێت و یەک لیتر بەنزینی ئازاد  سێ هەزار تمەن و بەنزینی سووپەر سێ هەزار و٥٠٠ تمەن دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە پیشتر بڕی هەر لیترێک بەنزین هەزار تمەن بووە، بەو پێیە نرخی بەنزینی حکومی لە ٥٠% زیاتر کردووە و بەنزینی ئازادیش بە سێ هێندە نرخەکەی پێشووی بەربووەتەوە.

بێجگە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، حکومەتی ئێران پێدانی بەنزینی حکومی بە هاوڵاتیان سنووردار کردووە، بەشێوەیەک کە هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێک بۆی هەیە مانگانە ٦٠ لیتر بەنزین بە نرخی بەنزینی حکومی وەربگرێت، دواتر دەبێت بە نرخی ئازاد بەنزین بکڕێت، کە ئەویش سێ هەزار تمەنە.