بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل دەدرێتە کەمئەندامان

بەمەبەستی پاڵپشتییکردنی کەمئەندامان و ھاریکارییکردنیان، رێکخراوی یەکێتیی کەمئەندانی کوردستان بەھاوکاریی کۆمپانیای NIM بریکاری سەرەکی کیامۆتۆرز لەھەرێم، ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست دەدەنە کەمئەندامان.

پاش سێ مانگ لە کارکردن لە پرۆژەکەدا، دواجار پرۆسەی پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە کەمئەندامان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستانی عێراق، سامان حسێن ئاشكرایكرد لە ئێستادا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل و بانکێکی عێراقی تاوەکو ئۆتۆمبێل بدەنە کەمئەندامان.

سامان باس لەوە دەکات کە مامەڵە کردن بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکان لە رۆژی یەکشەمەی داھاتووەوە دەستپێدەکات و لەرێگەی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستانەوە دەبێت، دوای ئەوەی پشتگیریی کەم ئەندامەکان دەکرێت، دواتر دەتوانرێت رێکارەکانی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە دەستپێبکەن.

لە راگەیەندراوێکی کۆمپانیاکەدا ، ئاماژە بە مەرجەکانی پێدانی ئۆتۆمۆبێلەکە کراوە بە کەمئەندامان بە پێشەکی لەسەدا ٣٠ و بۆ ماوەی ٣ ساڵ ده‌بێت، بێ ئەوەی ھیچ زیادەیەک بچێتە سەر نرخی ئۆتۆمۆبێلەکان.

ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری کیا ریۆ ٢٠١٩ و ٢٠٢٠، کیا بێگاس ٢٠٢٠ دەبێت. نرخەکان لە ١٢ ھەزار و ٨٠٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات بە پێشەکی سێ ھەزار و ٨٤٠ دۆلار تا ١٥ ھەزار و ٩٠٠ دۆلار بەپێشەکی پێنج ھەزار و ٥٦٥ دۆلار.