تا ئێستا نەتوانراوە وەک ئاستی بازرگانی سوود لە هەنگوینی کوردستان ببینڕیت

لەژێر دروشمی (هەنگوینی کوردستان باشترینە) کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، چوارەمین فێستیڤاڵی هەنگوین ساز كرا لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی.

ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، سیروان ئەبوبەکر محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کوردستان لە رووی هەنگەوانییەوە گرنگیەکی زۆری هەیە چونکە یەکێک لە باشترین بەرهەمەکانی هەنگوینی لێیە و دووپاتی دەکاتەوە کە گرنگی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ئەوەیە کە کڕیار راستەوخۆ لەدەستی یەک کە هەنگەوانەکەیە بەرهەمەکە بکرێت و بەدەستی بگات. تاکو بەدوور بێت لە ساختە لە جۆرایەتی یان گرانی لە نرخ.

لە رووی رەوانەکردنی بەرهەمی خۆماڵی هەنگوینی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات سیروان ئەبوبەکر ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا بە هۆی کەمی ناسینی بەرهەمی هەنگوینی کوردیەوە، نەتوانراوە وەک ئاستی بازرگانی سوود لەمە ببینڕیت، بەڵام لەسەر ئاستی کەسی کە هاتوون و بەرهەمەکەیان بینیوە خواستیان لەسەری پەیدا کردووە و داوایانکردووە، یان لە رێگەی کەسییەوە بەرهەمەکە بەکۆمەڵ رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

بەپێی وتەی ناوبراو رێژەی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەمساڵدا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر گۆڕاوە، بۆ نموونە لە ناوچەی ماوەت و شارباژێر بەرهەمی هەنگوین کەمی کردووە، لەکاتێکدا هەمان بەرهەم لە چەند ناوچەیەکی تر زیادی کردووە و دەڵێت ”بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر پیشەی هەنگەوانی کۆنترۆڵ بکرێت و بتوانرێت بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی هەنگەکەی پەروەردە بکات لە سەروو هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵی هەنگوینمان دەبێت. چونکە ژینگەیەکی لەبار، ئاووهەوایەکی گونجاو، سروشتێکی باشمان هەیە بۆ پەروەردە کردنی هەنگ.

لپێرسراوی کارگێری کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، لوقمان عومەر شەریف ئاماژە بەوە دەکات کە ٣٣ هەنگەوان لە تەواوی ناوچە جیاجاکانی هەولێر و کوێستانەکانی قەندەیل و هەورامان و شارباژێرەوە بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا.

لوقمان عومەر شەریف هۆکاری ئەوەی کە تا ئێستا نەتوانراوە هەنگوینی خۆماڵی کوردستان ببرێتە دەرەوەی وڵات وەک بازرگانی، نەبوونی تاقیگەیەکی جۆریی پێکهاتە خۆراکییەکانە کە بۆ هەنگوین دەکرێت و خۆی لە ٣٠٠ جۆر پشکنیندا دەبینێتەوە و دەڵێت، ”بەرهەمی خۆماڵی هەنگوین بە هۆی گونجانی سروشتەکەیەوە لە کوردستان، یەکێکە لەو هەنگوینانەی کە لە ناوچەکەدا لە رووی کوالیتیەوە زۆر بەرزە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئامرازی پێویست نەتوانراوە بەرهەمەکە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت”.

لوقمان عومەر شەریف باس لە بەرهەمی هەنگوینی کوردستان دەکات لە رووی جۆرایەتیەوەو دەڵێت،” بەرهەمی هەنگوینی کوردستان زۆربەرزە، خواستی لەسەرە، لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پلەی بەرز بەدەست دەهێنێت، بەتایبەت پار لە لوبنان پلەیەکی زۆر باشی وەرگرتووە و لە ئۆکراینا و وفەڕەنساش بەشداربووە و دانی پێدانراوە لە رووی کوالیتیەوە”.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بە هۆی کەشوهەواوە هەنگوینی پێدەشتەکان کەمتر بوون لە چاو هەنگوینی کوێستانەکاندا.

فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و تا یەکی تشرینی دووەم بەردەوام بوو رۆژانە لە کاتژمێر١٠ی بەیانی تا نۆی شەو بەردەوام بوو.