جووتیارێكی هەڵەبجەیە خاوەنی باخێكی فستەقە كە زیاتر لە ٤٠٠ داری هەمە جۆری فستەقی تێدایە

بورهان عزەددین جووتیارێكی سنووری شاری هەڵەبجەیە و خاوەنی باخێكی فستەقە كە زیاتر لە ٤٠٠ داری هەمە جۆری فستەقی تێدایە.

بورهان عزەددین لە بارەی باخەكەیی و بەرهەمی فستەق لە ناوچەكەدا وتی: “بە هۆی ئەوەی كە خۆم ئەندازیاری كشتوكاڵیم، ١٤ ساڵ پێش ئێستا ئەو بیرۆكەیەم بەخەیاڵدا هات كە باخێكی فستەق بچێنم، چونكە خۆم خاوەنی پارچەیەك زەوی كشتوكاڵی بووم، لە رەگەوە خۆم دەستم پێكردەوە و دەنكەكانی خۆم ناشتومە و ئێستا گەیشتووەتە بەرهەم”.

ئەو هەروەها وتی: “لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی فستەق لە كوردستاندا شتێكی تازەبوو، فستەقیش بە هۆی ئەوەی كە نێرە و مێیەی تێدایە، دەبێت لە شوێنێكی باوەڕپێكراوەوە نەمامەكەی بۆ بێنیت، نەمامەكەش لە ئێران هەبوو، بەڵام ئەوكاتە ئێرانیش رێگەی نەدەدا بە شێوەی رەسمی بهێنرێت، هەر بۆیە بە هەوڵی خۆم بە دەنكەوە دەستم پێكرد، نەمامەكانم دروستكرد و دوای كێڵگە هێنا نەمامەكانم هێنایە ئێرە و بە شێوەیەكی هەمیشەیی چاندمن، ئێستا ئەم دارانە ماوەی ١٤ساڵە نێژراون”.

بورهان شێخ عزەدین هەروەها وتی: “رێژەی دارەكان بەگوێرەی ڕووبەری زەوییەكە نییە كە ١٨ دۆنمە، ئەو دارانەی كە ئێستا تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٤ ساڵە نزیكەی ٤٠٠ دارێكە، هەندێكی تریان كاتی خۆی لەناوچوون، بەڵام ساڵانە من بە بەردەوامی دووبارە ناشتنەوەی بۆ دەكەم، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە دروست بوون لە زەوییەكەدا، هەروەها بە شێوەیەكی بەردەوامیش خەریكی پێون كردنین لە نێویاندا”.

ئەو باسی لەوەش كرد “لە سنووری هەڵەبجە و شارەزوور بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتیی ناوچەی گونجاون بۆ بەرهەمهێنانی فستەق، تەنها ئەو جێگایەنە نەبێت كە ئاستی ئاویان بەرزبێت لەژێر زەوی، چونكە بۆ رەگی دار بەگشتی و فستەق بەتایبەتی خراپە، سروشتی فستەق بەوجۆرەیە كە حەز بە ئاوی زۆر ناكات كە لە رێژەی خۆی زیادبێت و بە شێوەی دێمیش دەبێت چونكە لە پۆلی قەزوانە و پێوەنیشیان بۆ یەك دەبێت”.

ئەم جووتیارەی هەڵەبجە رێنمایی جووتیاران دەكات لە بارەی چۆنێتی بەخێوكردنی داری فستەق و گەورەكردنی، ئەو وتی: ” داری فستەق ئەگەر خزمەتی جوانی بكەیت وەك رەزە دێم، چۆن رەزە دێم هەیە كە ترێ پێ دەگەیەنێت، بەهەمان شێوە ئەمیش پێدەگات بە دێمەكاری، ئەگەر ئاویشی هەبێت باشترە، بەڵام ئاوێكی كەم بۆ یارمەتیدانی، داری فستەق بە شێوەی بەزری دەینێژیت زیاتر لە نۆ ساڵی دەوێت تا بەر دەگرێت، بەڵام ئەگەر بە پێوەن بیكەیت لە پێنج ساڵدا بەر دەگرێت و پێش دەكەوێت، ئەوەی كە پێوەن كراوە و ئەوەشی كە بە‌ بەزری نێژراوە لە تەمەنی ١١ بۆ ١٣ ساڵیدا رێژەی بەرگرتنیان وەك و یەك دەبێت، بەڵام بۆ پێشكەوتنی بەرگرتن، پێوەنەكە زووتر ئاماژەی بەرگرتن دەدات”.

بورهان باس لەوەش دەكات، ئێستا لە باخەكەیدا پۆلی ئەكبەری و پۆلی ئەحمەدی و پۆلی كەلقوچی هەیە و لەئێستادا سەرقاڵی چنینەوەی بەرهەمی ئەمساڵن.