ئەمرۆ له‌ هەولێر پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی دەکرێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێزدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە بیناسازی لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەکرێتەوە.

لە پێشانگاکەدا، ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشداردەبن و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، هاوکات لە هەمانکاتدا پێشانگایەکی دیکەی تایبەت بە خۆراک و کشتوکاڵ دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای IFP-عێراق بۆ رێکخستنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، جۆرج خوری راگەیاند : “لەم پێشانگایەدا ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، ھاوکات دوو پێشانگای گرنگ دەکرێنەوە، یەکەمیان پڕۆجێکت عێراق کە پێشانگای بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ کەرتەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و کارەبا و دووەمیشیان پێشانگای خۆراکی کشتوکاڵییە”.

سێزدەهەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی ھەولێر، رۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت.