لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژندا، له‌ مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ گەرمتر بووە

نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان و سوننەتی قوربانیكردن لەو جەژنەدا، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گەرمكردووە، خاوەن ئاژەڵ و فرۆشیارەكانیش خۆشحاڵن بە قەدەغەكردنی هێنانی ئاژەڵ لە سووریا و ئێرانەوە.

لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر كاسبكار سەرقاڵی خستنەڕووی ئاژەڵەكانیانن بۆ ئەو كڕیارانەی بە بۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانەوە سەردانی ئەو بازاڕە دەكەن و ئاژەڵ بۆ قوربانیی دەكڕن.

ناسح عەزیز كاسبكارێكی بازاڕەكەیە و ماوەی 13 ساڵە سەرقاڵی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵە ، ئەو لە بارەی بازاڕی ئەمساڵی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵەوە لە جەژنی قورباندا وتی: “ساڵانی رابردوو بە هۆی هاوردەكردنی ئاژەڵ لە سووریا و ئێرانەوە زیانی گەورەی بە خاوەن ئاژەڵەكان و ئێمەش گەیاندبوو لە بازاڕەكەدا ، بەڵام دوای ئەوەی هێنانی ئاژەڵ لە دەرەوە قەدەغە كراوە ئەمساڵ بازاڕ لە پار و پێرار باشترە و خەڵكیش ترسی نەخۆشییان نییە لەناو ئاژەڵەكاندا”.

قەدەغەكردنی هێنانی ئاژەڵ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە كە پێش ماوەیەك لە لایەن حكوومەتەوە بڕیاری لەسەردرا، تا رادەیەك كاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی گۆشت لە بازاڕدا دروست كرد.

ناسح عەزیز لە بارەی نرخی ئێستای ئاژەڵ لە بازاڕدا وتی: ” لەئێستادا نۆبەن كیلۆی لە نێوان پێنج تا شەش هەزار و رەشەوڵاخ لە چوار هەزار و 250 تا چوار هەزار و 500 دیناردایە”.

قادر ئەحمەد كە 28 ساڵە كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەكات بەهەمان شێوە خۆشحاڵە بەوەی هاوردەكردنی ئاژەڵ لە دەرەوە قەدەغە كراوە ، ئەو وتی:” ئێستا بازاڕ زۆر باشە ، بەڵام هەركات ئاژەڵ لە سووریا و ئێرانەوە بهێنرێت زیانی گەورە لە خاوەن ئاژەڵ و ئێمەش دەدات و ئاژەڵی خۆمان پارە ناكات”.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژنی قورباندا لە هەرێمی كوردستان بازاڕی ئاژەڵان قەرەباڵخی زۆر بەخۆوە دەبینێت، بە تایبەت لە رۆژانی جەژندا ژمارەیەك زۆر ئاژەڵی گەورە و بچووك بۆ قوربانیكردن دەفرۆشرێت و هاووڵاتییان گرنگی بەو ئەركە ئاینییە دەدەن لە جەژندا.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی داوای كردووە هەمووان پابەند بن بە رێنماییەكانی تەندروستی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ و ئەو كەسانەی لە رۆژانی جەژندا قوربانیی دەكەن لە سەربڕینخانە رێگەپێدراوەكان ئاژەڵەكانیان سەرببڕن نەوەك لەسەر شەقام و شۆستەكان ، هەروەها دوای سەربڕینی ئاژەڵەكان گۆشتەكەی بۆ ماوەی 12 كاتژمێر لە ساردكەرەوەدا هەڵبگیرێت و دواتر بخورێت.