“دوای قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکە، عێراق هێله‌كه‌ هەناردەی دەرەوە دەکات و ملیۆنێک هەلی کاریش ده‌ره‌خسێنێت”

وتەبێژی وەزارەتی کشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند، بە قەدەغەکردنی هاوردەی هێلکە، لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە ئەو بەرهەمە هەناردەی دەرەوە دەکەن و زیاتر لە ملیۆنێک هەلی کاریش، لە کەرتی بەخێوکردنی پەلەوەر دەڕەخسێنن.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارتی کشتوکاڵی عێراق، تایبەتڕاگەیاند: قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکە بۆ ناو عێراق بەردەوام دەبێت، لە ئێستاشدا زیاتر لە 80%ی پێداویستی ناوخۆ پڕکراوەتەوە.

حەمید نایف وتیشی بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو، ئاستی بەرهەمی ناوخۆ بە ڕێژەیەک بێت کە دەست بە هەناردەکردنی هێلکە بۆ دەرەوەی وڵات بکرێت.

وتەبێژی وەزارتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەکرد زیاتر لە 16 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵیان لەوڵاتانی دراوسێوە قەدەغەکردووە  و توانراوە بە بەرهەمی ناوخۆیی پڕبکرێنەوە.

هەروەها باسی لەوەکرد، “وەزارەتی کشتوکاڵ دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی تایبەت بە کەرتی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلکە ، پێشبینی دەکرێت ئەو پلانە زیاتر لە ملیۆنێک هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابین بکات.”

لەبارەی کێشەی ئاو گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە،  حەمید نایف وتی: “پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ لە تورکیا و کەمکردنەوەی بەشەی ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە هیچ کاریگەریەکی نابێت بۆ سەر دۆخی ئاویی و کشتوکاڵی عێراق بە ماوەی دووی ساڵی داهاتوو”.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوێنێ 2ی ئابەوە تورکیا بەردانەوەی ئاوی بۆ ناو خاکی عێراق کەمکردووەتەوە ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ کە لە سەر ڕێڕەوی ئاوی دیجلە بنیاتنراوە.

لەوبارەوە ئاماژەی بەوەکرد، عێراق زیاتر لە 48 ملیار مەتر سێجا ئاوی یەدەگی لە بەنداوەکانی خۆی هەڵگرتووە، کە بە وتەی حەمید نایف ئەو ڕێژەیە پێداویستییەکانی عێراق لە ئاوی خواردنەوە و ئاودێری بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو مسۆگەر کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتیشی کەم کردنەوەی بەردانەوەی ئاو بە ڕەزامەندی عێراق بووە و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە بووە کە لە نێوان هەردوولادا هەیە.

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای تورکیا، تایبەت بە دۆسیەی ئاو سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوونەوە.