نرخی ئەمپێری مۆلیدە بۆ مانگی تەمموز دیاریکرا

نرخی ھەر نرخی ئەمپێرێک لەنێوان هەشت هەزار و 500 بۆ نۆ هەزار 500 دینار دەبێت، ھاوکات خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدەش بۆ مانگی ئاب دیاریکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئابی 2019 لەکۆبوونەوەیەکدا کە لەدیوانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بەڕێوەچوو، نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی تەمموز بە 39.250 دینار دیاریکرا، مۆلیدەکانیش بەتێکڕایی لەنێوان 220 بۆ 240 کاتژمێر کاریان کردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان هەشت هەزار و 500 بۆ نۆ هەزار 500 دینار دەبێت، بەبەراورد بەنرخی ھەمان مانگی ساڵی پار نرخی ئەمپێری موەلیدە ھەرزانترە کە نرخی ئەمپێرێک 17 هەزار و 500 دینار بوو. 

سەبارەت بەبەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان بۆ مانگی ئاب، موەلیدەکان لە ئامادەباشیدا دەبن ھەرکاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە ئەوان کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکەن، بەمەش 24 کاتژمێر کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکرێت.

لەکۆبوونەوەکەشدا ئەو خاڵە دووپاتکرایەوە کە پێویستە پاش کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی 10 خولەک زیاتر بەسەر کارپێکردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیکار رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.