جوتیارانی دەشتی شارەزور سەرقاڵی رنینی کاڵه‌کی ئەمساڵی بێستانەكانیانن

جووتیارانی دەشتی شارەزوور سەرقاڵی رنینی بەرهەمی ئەمساڵی بێستانەكانیانن، ئەوان ئاماژە بەوە دەكەن کە بە هۆی باران بارینی زۆری ئەمساڵەوە بەرهەمی شووتی و كاڵەك باشترە.

كاڵەك بەرووبومێكی هاوینەیە و ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەمووز پێدەگات، هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەم وەرزەدا خواستێكی زۆریان لەسەر بەرهەمی شوتی و كاڵەك هەیە .

كاڵەك لە روی تەندروستییەوە سوودی زۆری هەیە و هەڵگری چەندین ڤیتامینی بەسوودە، ئەوەیش وای كردووە خواستی زیاتری لەسەر بێت.

لە نزیك گوندی بێستانسوور لە دەشتی شارەزوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەك لە جوتیاران سەرقاڵی رنینی كاڵەكن.

ئەوان بەیانییان زوو دەچنە نێو بێستانەكانیان و بە گەورە و بچووك سەرقاڵی رنینی كاڵەكن، دواتر رەوانەی عەلوەی سلێمانی دەكەن بۆ فرۆشتن.

فەلاح محەمەد جوتیارێكی ناوچەكەیە و سەرقاڵی رنینی كاڵەك بوو، ڕایگەیاند، ئەمساڵ بە هۆی باران بارینی زۆری وەرزی زستانەوە لە رووی بڕ و جۆرەكەشییەوە كاڵەكێكی باشمان هەیە و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە.

فەلاح ئەوەشی وت، كێشەی بەردەوامی ئێمە كەمی ئەو داهاتەیە کە لە رێگای كشتوكاڵکردنەوە دەستمان دەكەوێت، بە نموونە ئەو كاڵەكەی كردومانە بڕێكی باش و زۆری هەیە، بەڵام لە بازاڕدا پارە ناكات و هەقی ماندوبوونەكامان بۆ دەرناهێنێتەوە.