سلێمانی؛ پەردە لەسەر پەیكەری جەمال نەبەز لادرا

ئەمڕۆ شەممە لە هۆتێل فەرەح-ی شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری نوسەرو بیرمەندی كورد، د.جەمال نەبەز لادرا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبونى پارێزگار و ژمارەیەک لە هاوڕێیان و کەسوکارو بنەماڵەى پڕۆفیسۆر د.جەمال نەبەز، لە حەوشەی هۆتێل فەرەح-ى شارى سلێمانى لەڕێوڕەسمێكدا پەردە لەسەر پەیکەرى ئەو بیرمەند و نوسەرەی کورد لادرا.

پەیكەرەكە لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرساز، چێنەر نزار-ەوە دروستكراوەو بەرزییەكەی 120 سانتیمەترەو بە هاڕاوەی بەرد داڕێژراوە.

د. جەمال نەبەز كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی‌ و نەتەوەیی‌ و ئەكادیمی کوردە، لە كانونی یەكەمی ساڵی (1933) لەشاری سلێمانی دایك بوە، قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو كردوە و لە ساڵی (1950) له‌ زانكۆی به‌غدا، فیزیا و ماتماتیكی خوێندوه‌.

ساڵی (1962) چوه‌ته‌ ئه‌وروپا بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و پاشان له‌ زانكۆكانی ئەو وڵاتە خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی خوێندوه‌.

له‌ ساڵانی (1967-1970) له‌ زانكۆی هامبۆرگ خوێندویه‌تی و هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند هاوڕێیه‌كی، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی خوێندكارانی كورد داده‌مه‌زرێنن.

له‌ ساڵانی (1970-1979) له‌ زانكۆی به‌رلینی ئازاد زانسته‌ سیاسییه‌كان و رۆژنامه‌نوسی و یاسای خوێندوه‌.

د. جەمال نەبەز خاوەنی خەرمانێكی دەوڵەمەندە لە بەرهەمی مێژویی‌ و ئەدەبی‌ و زانستی‌ و رۆژنامەگەری‌ و زمان و خزمەتی گەورەی بە كتێبخانەی كوردی كردوە و لە (8/12/2018) لە وڵاتى ئەڵمانیا کۆچى دوایی کرد.