نرخی جانتاكەی ئەمینە ئەردۆغان 50 هەزار دۆلارە

ئەمینە ئەردۆغان خێزانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، بەوە ناوی دەركردووە كە جلوبەرگ و ئەو كەلوپەلانەی بەكاریان دەهێنێ، لە براندە نرخ گرانەكانی جیهانن، ئەمڕۆش وێنەی جانتاكەی دەستی بڵاوبووەوە كە نرخەكەی 50 هەزار دۆلارە.

ئەمینە ئەردۆغان لە گەشتێكی فەرمیدا لەگەڵ سەركۆماردا بۆ ژاپۆن، جانتاكەی دەستی بووە جێی باسوخواسی میدیاكان.

رۆژی پێنجشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ژاپۆن، لەگەڵ خۆیدا ئەمینەی هاوسەریشی بردووە، بەڵام میدیاكانی توركیا ئەوەندەی باسی جانتاكەی دەستی ئەمینەی هاوسەری سەرۆكیان كرد، نیو ئەوەندە باسیان لە ئامانجی سەردانەكەی ئەردۆغان نەكرد.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، جانتاكەی دەستی ئەمینە ئەردۆغان لە براندی (Hermes)ە، كە گرانترین براندی جانتایە لە جیهاندا.

ئەو جانتایەی دەستی ئەمینە، كە میدیاكانی توركیا بە دواداچوونیان بۆ كردووە، نرخەكەی 50 هەزار دۆلارە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە توركیا هاووڵاتیان بە ژیانێكی زۆر سەختدا تێدەپەڕن و باری داراییان لەوپەڕی خراپیە.

ئەردۆغان لە 1994دا، ئەو كاتەی بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ لە لایەن پارتی رەفاحەوە كاندید كرابوو، لەناو میتینگێكی جەماوەریدا لە ئیستەنبۆڵ وتی ”ئەو ئەنگوستیلەی دەستم دەبینن؟ ئەمە هەموو سەروەت و سامانی منە، ئەگەر رۆژێك بیستان بوومەتە خاوەنی كۆشك و تەلار و دەوڵەمەند بووم، بزانن كە گەندەڵیم كردووە”.

ئەو كۆشكەی ئێستە ئەردۆغانی تێدا دەژی، نرخەكەی یەك ملیار دۆلارە، هەروەها خێزانەكەی ئەمینە ئەردۆغان بەوە ناسراوە كە هەموو جلوبەرگ و ئەو كەلوپەلانەی بەكاریان دەهێنێ، گرانبەهانترینن لە جیهاندا.