لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دووەم گەورەترین کارگەی ریسایکلین دروست دەکرێت

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دووەم گەورەترین کارگەی ریسایکلینی جیاکردنەوەی خاشاک لە سەر ئاستی ھەرێم دروست دەکرێت.

کارگەکە لە سەر رووبەری 100 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و 9 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە کە دەبێت لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی 18 مانگ دروست بکرێت.

کارگەی ریسایکلینی راپەڕین، بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆی دانراوە، رۆژانە لە سێ کاتی جیاوازدا کار دەکات و لە کاتێکی کارکردنیدا توانای جیاکردنەوەی 200 تۆن خاشاکی ھەیە.

ئاوارە عەلی بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی راپەڕین رایگەیاند: کارگەی ریسایکلینی راپەڕین بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت لەم مانگەوە فەرمانی دەستبەکاربوونمان بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دەرکردووە.

لەلایەن خۆشیەوە، رێباز محەمەد سەرپەرشتیاریی بەشی ژینگەی شارەوانییەکانی راپەڕین رایگەیاند: داپۆشینی خاشاک لە وێستگەکان کارێکی ناچارییە و لە رووی ژینگەییەوە دروست نییە و دەبێتە ھۆی پیسبوونی خاکەکە.

راشیگەیاند: ئەگەر کارگەی ریسایکلین بکەوێتە گەڕ، بە جیاکردنەوەی ئەو ماددانە و دووبارە بەکارھێنانەوەیان دەبێتە ھۆی پاراستنی خاک لە پیسبوون.