لەماوەی پێنج ساڵی تەنگژەی داراییدا زیاتر لە 738 كارگەی پیشەسازی لە كوردستان بنیات نراوه‌

لەماوەی پێنج ساڵی تەنگژەی داراییدا زیاتر لە 738 كارگەی پیشەسازی لە پارێزگاكانی كوردستان بنیات نراون. بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی دەڵێ، “كەرتی پیشەسازی ڕووە و گەشانەوەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕژدە لە پشتگیریی ئەو كەرتە”.

لە ڕابردوو و تا ساڵی 2003 ژمارەی كارگەكانی كوردستان لە دوو هەزار دانە كەمتر بوون، كە جگە لە چەند دانەیەكیان بەرهەمی زۆریان وەك پێویست نەبوو، لەو ساڵانەدا زۆریان بنەوبارگەیان پێچایەوە و دەرگەكانیان داخست، ئەوكات هەرچی هەبوو لە دەرەوەی وڵات دەهێنرا و كوردستان شوێنی ساغكەرەوەی هەموو جۆرە بەرهەمێكی وڵاتانی دراوسێ بوو، كاڵای كوالێتی بەرز هەر نەبوو، كوردستان بە بارێكی خراپی كەرتی پیشەسازیدا هەنگاوی دەنا، بەڵام لە دوای 2003ـەوە، گەشەیەكی ئابووری چاوەڕوان نەكراو باڵی بەسەر كوردستاندا كێشا و كەرتی پیشەسازیش پشكی بەركەوت، ئەوكات بازرگانان بەلێشاو ڕوویان لەو كەرتە كرد و سەرمایەكانیان لە پیشەسازیدا وەگەڕ خست، كە بەپێی داتاكانی بەردەست، ساڵ هەبووه‌ زیاتر لە 400 كارگەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان بنیات دەنران، لە ناویاندا چەندان كارگەی گەورە دامەزران كە جگە لە ناوخۆ، توانای دابینكردنی پێداویستی خوارووی عێراقیشیان هەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستی واڵا بوو لە هاوكاریكردنیان، هەر لە پێدانی زەوی و بڕینەوەی پێشینەی پیشەسازی و كەمكردنەوەی مانگانەی كارەبا و هتد… پشتگیری ئەو كەرتەی كرد، كە لە ماوەی 10 ساڵ و تا ساڵی 2013 زیاتر لە سێ هەزار كارگەی پیشەسازی لە كوردستان دامەزران، كە ژمارەی كارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازیی كوردستان گەیشتە پێنج هەزار، هەڵبەت ئەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ دڵخۆشكەر نەبوو، كە كوردستان بازاڕی گەورەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیانە و شەڕی داعش و تەنگژەی دارایی نزای ئەوانی قبووڵ كرد و گەشەی پیشەسازی لە كوردستان سست و بەرەو پووكانەوە چوو، كە لە سێ ساڵی ڕابردوو لە كۆی پێنج هەزار و 282 كارگە، نزیكەی هەزار و 400 كارگەیان بە كارمەند و بەرهەمی كەم كاریان دەكرد.

سەرباری تەنگژەكان، دروستكردنی كارگەی پیشەسازی هەر نەوەستان و لێرەولەوێ كارگەی تر سەریان دەردەهێنا، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازیی كوردستان، لە ساڵی 2014دا كە ساڵی یەكەمی تەنگژەی دارایی بوو، 283 كارگە دامەزراون و 139 كارگەش لە ساڵی 2015 دا دروست كراون، لە ساڵی 2016دا بە هەرسێ پارێزگاكەی هەولێر و دهۆك و سلێمانی 91 كارگە ڕۆنراون، هەر بەپێی ئامارەكە لە ساڵی 2017 دا ژمارەكە دەبێتە 145 كارگە و لە ساڵی 2018 شدا،لە كوردستان 80 كارگەی پیشەسازی لە بوارە جیاجیاكانی وەك (كەلوپەلی بیناسازی، خواردەمەنی، ئامێرە كارەباییەكان، كارگەی كاغەز، فلزی و نافلزی) بنیات نراون.

واتا سەرباری تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 738 كارگەی پیشەسازی لە كوردستان دامەزراون، كۆی گشتی ژمارەی كارگە پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بوونە پێنج هەزار و 738 كارگە، كە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر هەڵكەوتوون و پارێزگای دهۆكیش كەمترین كارگەی تێدا ڕۆنراوە.

جاران كە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی كارگە داخراوەكانی كوردستان زیاتر دەبوون تا ئەو ئاستەی ژمارەی كارگە داخراوەكانی چوار ئەوەندەی كارگە كراوەكانی بوو، ئەمساڵ بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی، كەرتی پیشەسازیی كوردستان گەشانەوەیەكی هەبووە. 

ئاراس ڕەئووف عارف بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی دەڵێ، “ئێستە كەرتی پیشەسازیی كوردستان گەشانەوەیەكی بەخۆوە بینیوە و بە بەراوردی چەند ساڵی ڕابردوو زۆر باشترە”.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژە بە یاسای پیشەسازی دەدات كە ئێستە لەگەڵ یاساكەی بەغدا یەكخراوە، هەردوولا كار بە یاسای 20 ی ساڵی 1998 دەكەن، كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان كار بە یاسایەكی كۆنی عێراقی دەكرا كە تەنانەت بەغداش كاری پێ نەدەكرد، لەبەرئەوەی هیچ پشتگیرییەكی لە بەردەوامی و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ نەبوو، ئاراس ڕەئووف ئاماژە بە یاسا نوێیەكە دەدات، كە پێنج بۆ 10 ساڵ لێبوردنی گومرگی هەیە بۆ كارگەكان و هەڵگرتنی بازگەكانی ناوەڕاستیش بەڕووی بەرهەمە كوردستانییەكان كاریگەری ئەرێنی هەبووە، كە جاران بەغدا وەك وڵاتی دراوسێ مامەڵەی بەرهەمەكانی كوردستانی دەكرد و باجی لەسەر كاڵاكانی دادەنا.

كەرتی پیشەسازی كە یەكێكە لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی ئابووری وڵات و ڕۆنانی هەر كارگەیەك جیا لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار، وڵات لە پێداویستی كاڵاكان ئەرخەیان دەكات و ڕێگریش لە چوونە دەرەوەی پارە دەكات، كرانەوەی كارگەی نوێ مایەی دڵخۆشییە و سەرباری تەنگژەكان، هێشتا دامەزراندنی كارگەی پیشەسازی لە كوردستانی باشوور بەردەوامە، كە هەندێكیان توانای پڕكردنەوەی خواستی كوردستان و عێراقیشیان هەیە. 

بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازیش گەشبینە بەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕژدە لە پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی و پشتگیری كەرتی پیشەسازی.