بەهۆی ئەوەی عێراق هاوردەکردنی هێلکەی راگرتووە نرخی هێلكه‌ لە تورکیا له‌سه‌دا ٥٠ دابەزی


بە هۆی وەستاندنی هاوردەکردنی هێلکەی تورکی لە عێراق، نرخی ئەو بەرووبوومە پەلەوەرییە لە بازاڕەکانی ناوخۆی تورکیا لەسەدا ٥٠ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

هێلکە کە تەبەقی بە ٢٠ لیرە (٣،٥ دۆلار) دەفرۆشرا، لەسەدا ٥٠ لە نرخەکەی دابەزی. لەئێستادا تەبەقێک هێلکە لە مارکێتەکانی تورکیا بە ١٠ لیرە (یەک دۆلار و ٧٠ سەنت) دەفرۆشرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە عێراق هاوردەکردنی هێلکەی تورکی راگرتووە.

سەرۆکی یەکێتیی ناوەندیی بەرهەمهێنانی هێلکە، ئیبراهیم ئافیۆن  ئاماژەی بەوەدا کە ژەمی بەیانیان لە هاویناندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت بۆیە بەشێک لە دابەزینی نرخەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، بەڵام بەشی هەرە زۆری دابەزینی نرخەکە پەیوەندی بە پێشهاتی ترەوە هەیە.

ئیبراهیم ئافیۆن ئاماژە بەوە دەکات لەبەر زۆربوونی خستنەڕوو لە کەرتی هێلکەدا لە عێراق، قەدەغە خراوەتە سەر هێلکەی تورکیا و وتی:

“تا دوو ساڵ لەمەوبەر هەناردەمان لەسەدا ٩٥ی بۆ عێراق بوو. دوای هاتنەناوەوەی هەندێک وڵاتی تر و زیادبوونی بەرهەمهێنانی هێلکە لە ناوخۆی عێراقدا، بەشی ئێمە بۆ لەسەدا ٨٠ دابەزی. ئەو مەودایەمان بە وڵاتانی تری کەنداو پڕ دەکردەوە. بەرهەمهێنەرانی هێلکە، بە هۆی بوونی خستنەڕووی زیاد لە پێویست لە کەرتی هێلکەدا، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و داوایان لە حکوومەت کردووە کە دەروازە سنووریەکان دابخەن بەڕووی هێلکەدا، بۆیە حکوومەتیش بەگونجاوی زانیوە دەرگاکانیان دابخەن تا کاتێکی نادیار. ماوەی دوو هەفتەیە هێلکە هەناردە ناکەین بۆ عێراق. هەر بەو هۆیەوە هێلکە لە ناوخۆدا دەفرۆشرێت، بۆیە نرخەکان لای ئێمە دابەزیوە”.

سەرۆکی یەکێتیی ناوەندیی بەرهەمهێنانی هێلکە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق بۆ بەرهەمهێنەران بازاڕێکی ئاسانە و وتی:

“عێراق بازاڕێکی ئاسانە، ئاسانکارییە بۆ ئێمە لەڕووی ئەڵتەرناتیڤی بازاڕەکانەوە هەندێک کێشە هەیە نەمانتوانیوە چارەسەری بکەین. ئەگەر بازاڕی ئەڵتەرناتیڤمان هەبووایە کێشەکانمان چارەسەر دەکرد و رووبەڕووی ئەو کێشەیە نەدەبووینەوە. ئێستا بەدوای بازاڕی جێگرەودا دەگەڕێین. هەندێک ئاستەنگی هەیە لەبەردەممان، هەوڵی تێپەڕاندنیان دەدەین. لەمەودوا بە مەرجی بەشکردن ئیدارەی عێراق رێگە بە هاوردەکردنی دەدات. دەبێت حکوومەتی عێراقی نرخی هێلکە هاوسەنگ بکات تاکو جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕووی هێلکەدا بکاتەوە”.